جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی، لە 22ی ئەیلوولی 2025. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببێتەوە، لە کاتێکدا ئارامگرتنی بەرامبەر رووسیا کەمبووەتەوە.
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت و چاوەڕواندەکرێت سەرۆکی ئەمریکا دیدگایەکی "تاریک" سەبارەت بە داهاتووی ئەو رێکخراوە جیهانییە بخاتەڕوو.
ترەمپ بۆ یەکەم جار لەوەتەی گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، گوتارێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش دەکات.
یەکسەر دوای دەستپێکردنی خوولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، ترەمپ هەر زوو دەستیکرد بە کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.
ئەمە دووەم جارە ترەمپ چاوی بە زیلینسکی دەکەوێت لەوەتەی لە 15ی ئابدا بانگهێشتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیای بۆ ئالاسکا کرد؛ کۆبوونەوەیەک کە بەستەڵەکی گۆشەگیریی مۆسکۆی لە رۆژئاوا تواندەوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی بۆ وەستاندنی جەنگ لە ئۆکراینا بەدەستنەهێنا.
رووسیا لە مانگی رابردوودا نەک هەر بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا، بەڵکو تۆمەتبار دەکرێت بە پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندا، ئیستۆنیا و رۆمانیا کە ئەندامی ناتۆن، کە ئەوەش نیگەرانییەکانی رۆژئاوای زیاتر کردووە.
مایک وۆڵتز، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوسۆزیی خۆی بۆ وڵاتە ئەورووپییەکان لە بەرامبەر پێشێلکارییە ئاسمانییەکان دەربڕی.
وۆڵتز، کە پێشتر راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ بوو، گوتی: "ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرگری لە هەموو بستێکی خاکی ناتۆ دەکەن."
ترەمپ بەڵێنی دابوو لە ماوەی یەک رۆژدا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، بەڵام نەیتوانیوە بەڵێنەکەی بباتە سەر.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها شانازیی بە پەیوەندییە تایبەتەکانی خۆی لەگەڵ پووتین دەکرد.
بەڵام هەفتەی رابردوو ترەمپ دانی بەوەدانا کە پووتین "بەڕاستی هیوابڕاوی کردووە."
چاوەڕواندەکرێت زیلینسکی گوشار لە ترەمپ بکات بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی تووندتر و سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا.
بەڵام مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە ترەمپ ئامادە نییە گوشار بخاتە سەر پووتین و گوتی، بەبێ ئەو "هیچ کەسێکی دیکە لە جیهاندا نەماوە کە بتوانێت نێوەندگیری" لەسەر پرسی ئۆکراینا بکات.
پێویستە زیلینسکی جارێکی دیکە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ترەمپدا بکات، کە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لە کۆبوونەوەیەکی پڕ لە گرژیی رۆژی 28ی شوبات لە کۆشکی سپی، بە تووندی رەخنەیان لە سەرۆکی ئۆکراینا گرت و بە "سپڵە" ناویان برد.
هێرشکردنە سەر دامەزراوە جیهانگەرییەکان
ترەمپ، کە خەڵکی نیویۆرکە، بۆ لووتکەکە، تەنیا رۆژێک لە شارەکە دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا لووتکەکە هەفتەیەک دەخایەنێت.
یەکێک لە کۆبوونەوە تایبەتییەکانی لەگەڵ خاڤیێر میلێی، سەرۆکی راستڕەوی ئەرجەنتین دەبێت، کە هاوبیرێکی ئایدیۆلۆژیی ئەوە و ئەمریکا بیر لە پێشکێشکردنی یارمەتیی ئابووری بە حکومەتەکەی دەکاتەوە.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ باسی "نوێکردنەوەی هێزی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا" دەکات.
خانمەکە لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "سەرۆک هەروەها ئاماژە بەوە دەکات چۆن دامەزراوە جیهانگەرییەکان سیستمی جیهانییان بە شێوەیەکی بەرچاو پووکاندووەتەوە، و دیدگەی روون و بنیاتنەرانەی خۆی بۆ جیهان دەخاتەڕوو."
ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا، بە شێوەیەکی تووندتر کار بۆ دیدگای نەتەوەپەرستی "ئەمریکا لەپێش هەمووانەوە" دەکات، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی هاوکاریی ئەمریکا بۆ وڵاتانی جیهان.
ترەمپ بڕیاریداوە بە کشاندنەوەی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و دەستەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکاریی ئەمریکای بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە و سزای بەسەر دادوەرە بیانییەکاندا سەپاندووە بەهۆی ئەو بڕیارانەی کە بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی دەزانێت.
ئابی ماکسمان، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆکسفام - ئەمریکا گوتی: "لەبری ئەوەی قەیرانە جیهانییەکان بوروژێنێت و ببێتە هۆی پشێوی و نایەکسانی، پێویستە هێز و کاریگەریی خۆی بەکاربهێنێت بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی بۆ دابینکردنی چارەسەری واتادار."
دەرکەوتنی ترەمپ رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، سەرکردایەتیی کۆمەڵێک لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئەمریکای کرد بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، هەنگاوێکی مێژوویی بەڵام تا رادەیەکی زۆر هێمایی، کە ئیسرائیل بە تووندی دژی دەوەستێتەوە.
ئەمریکا و ئیسرائیل هەردووکیان بایکۆتی دانیشتنە تایبەتەکەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ