جیهان
شوێنێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای ئۆدێسای ئۆکراینا بەهۆی بۆردوومانی رووسیا وێران بووە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا رایگەیاند، سێ گوندی دیکەی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا، ئۆکراینا و ئەورووپا لە جنێڤ کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانێکی مشتومڕهێن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان گوندی "پێتریڤسکێ" لە هەرێمی دۆنێتسک و هەردوو گوندی "تیخێ" و "ئۆترادنێ"یان لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک گرتووە.
کیێڤ هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پاراستنی پێگە سەرەکییەکانی لە بەرەی رۆژهەڵات، کە تێیدا سەربازانی رووسیا بەردەوام پێشڕەوی دەکەن.
ئەم پێشڕەوییانەی رووسیا پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی جنێڤ دێت بۆ تاوتوێکردنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.
ترەمپ تاوەکو 27ـی تشرینی دووەم مۆڵەتی داوەتە ئۆکراینا بۆ پەسندکردنی پێشنیازەکە، بەڵام کیێڤ داوای گۆڕانکاری دەکات لەو رەشنووسەدا کە گوایە بەشێک لە داواکارییە تووندەکانی رووسیای تێدایە.
پلانەکە لە 28 خاڵ پێکهاتووە و داوا لە ئۆکراینا دەکات دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی بێت، سوپاکەی بچووک بکاتەوە و بەڵێن بدات هەرگیز نەبێتە ئەندامی ناتۆ.
هاوکات، لە پلانەکەدا گەرەنتیی ئەمنی لەلایەن رۆژئاواوە دەدرێتە کیێڤ بۆ رێگریی لە هێرشی دیکەی رووسیا.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازی لە پێشنیازەکە کردووە و دەڵێت، دەکرێت "بناخەیەک" بێت بۆ رێککەوتنی یەکجارەکیی ئاشتی، بەڵام هەڕەشەی گرتنی خاکی زیاتری کردووە ئەگەر ئۆکراینا لە گفتوگۆکان بکشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ