رووداو دیجیتاڵ
پسپۆرێکی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێ لە کتێبێکیدا لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە باس لەوە دەکات، چوکی پیاوان بەرەو بچووکبوونەوە چووە و ئەو ئەندامانەی پەیوەندییان بە زاوزێوە هەیە بەرەو تێکچوون چوون و هۆکارەکەشی پیسبوونی ژینگەیە.
گرنگی توێژینەوەکە لەوەدایە کە تێكچوونی کۆئەندامی زاوزێ رەنگە ببێتە هۆی لەنێوچوونی مرۆڤایەتی، د. شانا سوان زانایەکی ژینگەیی و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی زاوزێیە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی بچووکبوونەوەی قەبارەی چوک و کەمبوونەوەی رێژەی سپێرم لە تۆواودا مرۆڤایەتی رووبەڕووی "قەیرانی مانەوە [بوون]" دەبێتەوە.
هۆکاری ئەوەش بۆ ماددەیەکی کیمیایی بە ناوی "phthalates" دەگەڕێتەوە کە لە دروستکردنی پلاستیکدا بەکاردەهێنرێت و کاریگەریی لەسەر سیستەمی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن هەیە.
ئەو ماددە کیمیاییە لە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانە هەیە کە رۆژانە بەکاریدەهێنین، وەکو: ئەو بۆنەی لە دروستکردنی سابوون و شامپۆ بەکاردەهێنرێت یان فەرش و بەشێک لەو کاخەزانەی بە دەوری خواردنە خێراکان دەپێچرێن.
هەندێک لەو ماددە کیمیاییانە پێیاندەگوترێت "ماددەی پۆلیفلۆرۆئەکیل یان ماددە هەمیشەییەکان"، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە لەش و ژینگەدا دەمێننەوە و لەنێوناچن، بەو شێوەیەش وردە وردە لە لەشی مرۆڤەکاندا کۆدەبنەوە و رێژەکەیان زیاد دەکات.
د. سوان لە کتێبی "کاونت داون" ئاماژە بە کەمبووەنەوەی ژمارەی سپێرم دەدات و دەڵێت: لە ساڵی 1970ـەوە ژمارەی سپێرم لە تۆواودا بەڕێژەی 60٪ دابەزیوە، هەروەها بە گوتەی د. سوان، بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی کوڕ کە لەدایکدەبن "چوکیان بچووکە".
لە کتێبەکەدا باسی کەمبوونەوەی توانای وەچەخستنەوە دراوە لە ژنان و دەڵێت: "لە هەندێک شوێندا، نزیکەی 20٪ـی ژنان لە تەمەنی 35 ساڵیدا توانای وەچەخستنەوەیان کەمبووەتەوە بەراورد بە داپیرەیان"، هەروەها لەبارەی پیاوانیش دەڵێت: "کێشەی کەمبوونەوەی توانای وەچەخستنەوە ئەگەر زیاتر درێژەبکێشێت، دەبێتەهۆی لەنێوچوونی مرۆڤایەتی".
ئەو پزیشکە لەو بڕوایەدایە کە رێژەی توانای وەچەخستنەوە بەخێرایی لە کەمبوونەوەدایە و زۆرینەی پیاوان تاوەکو ساڵی 2045 توانای بەرهەمێنانی رێژەی گونجاوی سپێرمیان نابێت. ئەوەش بە واتەی کەمبوونەوەی رێژەی لەدایکبوون و لەنێوچوونی مرۆڤایەتی دێت.
لە کتێبەکەی سواندا باس لەوەش کراوە کە چۆن جیهانی مۆدێرن هەڕەشەی لەسەر ژمارەی سپێرمەکان دروستکردووە، بووەتە هۆی گۆڕانی گەشەی زاوزێی نێر و مێ و داهاتووی مرۆڤایەتیی خستووەتە مەترسییەوە.
ئەو ماددە کیمیاییەی لە پیشەسازیی دروستکردنی پلاستیکدا بەکاردەهێندرێت نەرمە، بەڵام د. سوان دەڵێت، دەگۆڕێت و دەگوازرێتەوە بۆ بووکەڵە و خواردنەکان و زیان بە گەشەی مرۆڤ دەگەیێنێت.
فسالەیتس "phathalates" لاسایی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەکاتەوە و دەبێتە هۆی تێکدانی بەرهەمهێنانی سرووشتیی هۆرمۆنەکانی لەشی مرۆڤ، هەروەها بەرزیی رێژەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی سپێرم و بچووکبوونەوەی قەبارەی چوک.
د. سوان کە لە نەخۆشخانەیەکی نیویۆرک پرۆفیسۆری بواری ژینگە و تەندروستیی گشتییە، زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی ئەنجامداوە. یەکێک لە لێکۆڵینەوەکانی کە لە ساڵی 2017 بڵاوبووەتەوە، تێیدا ئەوەی ئاشکراکردووە کە ئاستی سپێرم لەنێو پیاوانی وڵاتانی رۆژئاوادا و لە چوار دەیەی رابردوودا بۆ زیاتر لە 50% دابەزیوە، لێکۆڵینەوەکەشی بە پشتبەستن بە 185 لێکۆڵینەوە کردووە کە لەسەر نزیکەی 45 هەزار پیاوی تەندروست کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ