رووداو دیجیتاڵ
پێنج گەڕی دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا لە تاران دەنگێکی هاوبەش لەسەر دانوستاندنەکە نابیسترێت، بەتایبەت لە پەرلەمان. ئەوەش بووەتە کێشە، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دەیەوێ دەنگی هاوبەش دروست بێت.
مەیسەم زهوریان، پەرلەمانتاری مەشهەد دەڵێت: "بەپێی شێواز و نێوەڕۆکی دانوستاندن، رەنگە هەندێک پەرلەمانتار دژ بن و هەندێکیش لەگەڵیدا بن. نامەوێ باسی خودی دانوستاندن بکەم، بەڵام بەداخەوە لەمدواییانەدا بە پێداگری وەزارەتی دەرەوە، نامەیەک لە سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی هاتووە کە تێیدا نەک تەنیا دیاریکراوە پەرلەمانتاران چ شتێک نەڵێن، بەڵکو کۆمەڵێک بابەت دیاریکراوە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران بیانڵێن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بەپێی دەستوور ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەتوانێت بڕیاری وەستاندنی جێبەجێکردنی هەندێک یاسا بدات. وەکو یاسای باڵاپۆشی کە بڕیاریداوە جارێ نەکەوێتە واری جێبەجێکردن.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند: "نەمدەویست هیچکات بە ئاشکرا ئەو بابەتە رابگەیێنم، بەڵام بەپێی مادەی 176 هەندێک ئەرک بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دیاریکراوە. سکرتارییەتی ئەنجوومەن بە نووسراو پێی راگەیاندووین، جارێ حکومەت رانەسپێردێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە. من ناتوانم کاتێک لەوێ ئەو بڕیارە هاتووە، بڕیاری جێبەجێکردنی بدەم."
نامەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دوای ئەوە رەوانەی پەرلەمان کرا کە ژمارەیەک پەرلەمانتارانی نەریتخواز دژی دانوستاندن هەڵوێستیان گرتووە و بەشێکیشیان داوایانکردبوو، ئێران چەکی ئەتۆم دروست بکات.
بەپێی زانیارییەکان، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پەرلەمانتارانی ئاگادارکردووەتەوە، بەپێی هەڵوێست و زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان هەڵوێست بگرن و لەو چوارچێوەیەدا قسە بکەن. نە زیاتر و نە کەمتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ