فەرەنسا: میوانداریی هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان

25-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و سووریا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بەڕێوەچوو، تێیدا جەخت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و پشتگیریکردنی قۆناخی راگوزەری لە سووریا کرایەوە.
 
رۆژی هەینی 25ی تەممووزی 2025 وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوەیەکی "زۆر راشکاوانە و بەرهەمداریان" لە کاتێکی هەستیاردا بۆ سووریا ئەنجامداوە.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکە، تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "پاریس لەمێژە دڵی دیپلۆماسیی گفتوگۆ گرنگەکانی وەکو ئەوەی ئەمڕۆ بووە. سووریایەکی سەقامگیر، ئارام و یەکگرتوو، لەسەر بناخەی دراوسێ و هاوپەیمانی باش بونیات دەنرێت."
 
هەروەها باراک لەسەر زاری مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەڵێت، ململانێکان بەهۆی ئەو دیپلۆماسییەتە سەخت و زیندووەوە کۆتاییان دێت کە ئەمریکا هەوڵ دەدات پەیڕەوی بکات، "ئێمە بە هاوکاریی دۆستان و هاوبەشانمان، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بنیاتنانی خۆشگوزەرانی لە سووریا."
 
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە کۆبوونەوەکەدا ئەمریکا، فەرەنسا و سووریا "بە رۆحیەتی دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییەکان" لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون، کە بریتین لە:
 
قۆناغی راگوزەر: دەستکردن بە هەوڵی خێرا بۆ سەرخستنی قۆناخی راگوزەری و پاراستنی یەکڕیزی، سەقامگیری و سەروەریی خاکی سووریا.
 
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر: پتەوکردنی هاوئاهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوە و بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
 
ئاشتەوایی نیشتمانی: پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و سوەیدا.
 
گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە: میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی گفتوگۆکان لە پاریس لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە زووترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار.
 
لێپرسینەوە: پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تووندووتیژییەکان و پێشوازیکردن لە دەرەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تووندووتیژییەکانی ئەم دواییەی کەناراوەکان.
 
پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان: دڵنیابوونەوە لەوەی وڵاتانی دراوسێ هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی سووریا دروستناکەن و لە بەرامبەردا، سووریاش هەڕەشە بۆ ئەوان دروستنەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی سەقامگیری تەواوی ناوچەکە پارێزراو بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە