راپرسییەک: 62%ی ئەمریکییەکان پێیانوایە حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی زۆرە

25-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپرسییەکی کۆمپانیای گاڵەپی ئەمریکی، 62%ی ئەمریکییەکان پێیانوایە حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتێکی زۆری هەیە. ئەمە بەرزترین رێژەیە لەو کاتەوەی گاڵەپ لە ساڵی 2002ەوە دەستی بە راپرسی کردووە.
 
بەرزبوونەوەی رێژەکە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە بۆچوونی دیموکراتەکانەوەیە کە نیگەرانییان لەبارەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
پرسیارەکە ئەمەیە، "ئایا حکومەتی ئەمریکا دەسەڵاتی زۆرە؟" وەڵامی بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا "بەڵێ"یە.
 
62%ی ئەمریکییەکان دەڵێن، حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی زۆرە. ئەمە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە بەراورد بە یەک ساڵ لەمەوبەر کە رێژەکە 51% بوو؛ بەرزترین رێژە پێش ئەوەی ئێستا، لە ساڵانی 2013 و 2015 لە سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا بوو کە 60% پێیان وابوو دەسەڵاتی فیدراڵی زۆرە.
 
لە سەرەتای بەدواداچوونەکانی گاڵەپ لە ساڵانی 2002 بۆ 2004، کەمتر لە نیوەی ئەمریکییەکان پێیانوابوو حکومەت دەسەڵاتی زۆرە، کە رەنگە رەنگدانەوەی بۆچوونە ئەرێنییەکانی خەڵک بووبێ بۆ حکومەت دوای هێرشەکانی 11ی ئەیلوولی 2001، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە رێژەکە بەردەوام لە 50%یان بەرزتر بووە.
 
جیاوازییە حیزبییەکان و گۆڕانی بۆچوونی دیموکراتەکان
 
دیموکراتەکان پێیانوایە حکومەت دەسەڵاتی زۆرە کە رێژەکەیان لە 25%ی پارەوە بۆ 66%ی ئەم ساڵ بەرزبووەتەوە. بۆچوونی کۆمارییەکان پێچەوانەیە؛ پار رێژەکە لەنێو کۆمارییەکان 75% بوو و ئەم ساڵ 58%ـە.
 
دەکرێ نیگەرانییەکانی دیموکراتەکان کاردانەوە بێت بەرامبەر سەرۆکایەتییە زۆر چالاکەکەی ترەمپ، لەنێویاندا دەرکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە فەرمانی جێبەجێکردن، بەکارهێنانی سوپا لەنێوخۆی وڵات، سەپاندنی پێناسی گومرگی و گۆڕانکاریی گەورەی دیکەی سیاسەت لە سەرانسەری سێکتەرەکانی حکومەت.
 
ئایا حکومەت کاری زۆر دەکات؟
 
لایەنێکی دیکەی رۆڵی حکومەت کە گاڵەپ بۆچوونی خەڵکی لەبارەیەوە وەردەگرێ ئەوەیە، ئایا حکومەت کۆمەڵێک کار دەکات کە دەبێ خەڵک و کۆمپانیاکان بیکەن یانیش دەبێت کاری زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات بکات.
 
51%ی ئەمریکییەکان دەڵێن حکومەت کاری زۆر دەکات، لە کاتێکدا 40% دەڵێن کاری کەم دەکات. تەنیا 4 جار لە 33 ساڵی رابردوودا خەڵک بژاردەی حکومەتی چالاکتریان هەڵبژاردووە.
 
ئەم ساڵ 74%ی کۆمارییەکان دەڵێن، حکومەت کاری زۆر دەکات، بەراورد بە 34%ی دیموکراتەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە