توێژینەوەیەکی ئەمریکی: خوێندنی ئۆنلاین منداڵان تووشی خەمۆکی دەکات

27-11-2020
سۆران عومەر
نیشانەکردن خوێندنی ئۆنلاین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
توێژینەوەیەکی نویێ ئەمریکی دەریخستووە، کە خوێندنی ئۆنلاین، زیان بە منداڵان دەگەیەنێت و هەڵسوکەوتیان تاڕاددەیەک دەگۆرێت.
 
توێژینەوەکە لە ئەمریکا کراوە، قسە لەگەڵ دایک و باوکان و منداڵانی قۆناخی سەرەتایی کراوە، دەرکەوتووە مانەوە لە ماڵەوە و خوێندنی ئۆنلاین وایکردووە منداڵان تووشی هەندێک گرفتی دەروونی ببن، لەوانەش: خەمۆکی، تووڕەیی و ئارەزوونەکردنی خواردن.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەشدەکات، درێژبوونەوەی خوێندنی ئۆنلاین زیانی زیاتری بۆ منداڵان دەبێت، لەوانەشە زیان بە راددەی فێربوونیشیان بگەیێنێت، هەرچەندە ئاماژەش هەیە کە منداڵ بەڕێگەی ئۆنلاین خێراتر فێردەبن.
 
زانکۆی جۆرجتاون کە بەشداری لەو توێژینەوە کردووە، لە راپۆرتێکیدا دەڵێت منداڵان کاتێک لە قوتابخانە دەست بەرزدەکاتەوە و مامۆستا دەیانبینێت هەست بە خۆیان دەکەن، لەو کاتانەدا هەست بەوە دەکەن وردە وردە گەورە دەبن، بەڵام خوێندنی ئۆنلاین ئەو چێژەیان لێوەردەگرێتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئۆنلاین ئەوەیە منداڵان کاتی تەواویان نابێت لەگەڵ هاوڕێکانیان قسە بکەن یان یاریی بکەن. ئەمەش کێشەی کەمبوونەوەی ئارەزووی یاریکردن لەلای منداڵاندا دروست دەکات.
 
ماتیو بیڵ، بەرپرسی بەشی دەروونناسی پزیشکی لە زانکۆی جۆرجتاون، دەڵێت، منداڵانی تەمەن 6 تاوەکو 7 ساڵ لە سەرەتای تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتیدان، کاتێک ئەو دەرفەتەیان نامێنێت، خەمۆکی دایاندەگرێت، ئەگەر ماوەکەشی درێژ بێت لەوانەیە ئەو خەمۆکییە لەگەڵیان درێژببێتەوە زیانیان پێبگەیێنێت.
 
یەکێکە دیکە لە ئاکامەکانی خوێندنی ئۆنلاین، بەپێی ئەو توێژینەوەیە ئەوەیە کە منداڵ بەهۆی زۆر مانەوە لە ماڵەوە ئارەزووی خواردنیان کەمدەبێتەوە.
 
هەروەها بەهۆی کەمی گفتوگۆ و نوکتە و قسەی خۆشەوە، کە لە قوتابخانە پێی راهاتوون، وا دەکات منداڵان تووڕەبوونیان زیاتر ببێت.
 
کێشەیەکی دیکەی خوێندنی ئۆنلاین یەخەی باوک و دایک دەگرێت، چونکە هیچ باوک و دایکێک ناتوانێت بۆ منداڵەکانی روونبکاتەوە  لە جیهاندا چ دەگوزەرێت، ناشتوانن بە وردی باسی مەترسیی پەتای کۆرۆنا بۆ منداڵان بکەن. 
 
زانکۆی جۆرجتاون لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا داوای لە منداڵان کردووە، وێنەی خۆیان بکێشن و وشەیەکی لەسەر بنووسن، کاتێک کە لە ماڵەوەن و بە ئۆنلاین دەخوێنن، کەچی کۆی منداڵەکان وێنەی خەمبار یان ئیمۆجی خەمیان کێشاوە و وشەی وەک: تووڕە، دڵتەنگ، دڵم ناخۆشە، یان نەخێریان لەسەر نووسیوە. 
 
ئەمە جگە لە کێشەی مانەوە لەبەردەم شاشەی مۆبایل، کۆمپیوتەر یان ئایپاد و تابلێت، کە هەم کێشەی تەندروستی بۆ منداڵ هەم لەرووی فیزیکی و دەروونییەوە کێشە بۆ منداڵان دروست دەکات. 
 
هەروەها بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرەکانیشەوە، منداڵان لە جیاتی یاریکردن حەزیان بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان زیاتر دەبێت.
 
زیانە پێشبینیکراوەکانی خوێندنی ئۆنلاین:
 
- منداڵ تووشی گۆشەگیری کۆمەڵایەتی دەکات.
 
- منداڵ زیاتر تووڕە دەبێت.
 
- ئارەزووی خواردنی کەمدەبێتەوە.
 
- حەزی یاریکردنی کەمدەبێتەوە.
 
- ئاڵوودەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت.
 
- رادەی فێربوون سنووردارە.
 
- ئاستی فێربوون دادەبەزێت.
 
- خوێندنی ئۆنلاین رێکخستنی کاتی دەوێت کە منداڵ توانای ئەمەی نییە.
 
- خوێندنی ئۆنلاین بواری پراکتیکی تێدا نییە.
 
- منداڵ فێری دیپسلینی رۆژانەی قوتابخانە نابێت.
 
- مامۆستاکان ناتوانن بزانن جیاوازی ئاستی زیرەکی قوتابیان چۆنە.
 
- ژینگەی فێربوون زۆر لاوازە.
 
- کێشەی تەکنیکی بەردەوام دابڕان لە فێربوون دروست دەکات.
 

لە ماوەی رابردوودا گاڤین ویلیەمسن، وەزیری تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند، منداڵان ئەگەر نەچنەوە بۆ قوتابخانە تەندروستییان خراپتر دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد "پەروەردە مافێکی بنەڕەتیی قوتابیانە، هەربۆیە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە دەگەڕێنەوە بۆ فێربوون، یاریکردن و جارێکی دیکە بوونەوە بە منداڵ".

بەپێی ئەو رێنماییانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ گەڕانەوە بۆ نێو قوتابخانەکان خستبوونیەڕوو، دەبێت قوتابیان پەیوەندییان کەمکەنەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە گومان دەکرێت نەخۆش بن و تووشی کۆرۆنا بووبن، داواشیکرد لە هەرکوێیەک پێویست بوو لە قوتابخانە، ماسک بپۆشن و دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی رەچاوبکەن، بەڵام باسی ئەوە نەکرا کە ماوەی نێوان قوتابیەکان چەند بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە