ئەردۆغان و شازادەی جێنشینی ئەبو زەبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

31-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییە دوولایەنەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی کەنداوی تاوتوێ کرد.
 
میدیاکانی ئیمارات بڵاویانکردووەتەوە، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرکردەی ئیمارات گفتوگۆیان لەبارەی رێگەکانی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان "هەردوو نەتەوەی برا". پێشتریش ئەردۆغان رایگەیاندبوو، ئەو دوو وڵاتە لە هەندێک پرسدا چانسیان لەبەردەستە و لە مانگەکانی رابردوودا بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان هەبووە.
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دوای ئەوە بوو، لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا رۆژی 18ی ئەم مانگە شاندێکی باڵای ئیمارات سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوە.
 
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی شێخ تەحنون بن زاید ئال نەهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوە و داوای باشکردنی پەیوەندییەکانیان کرد. ئەردۆغان رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ ئیدارەی ئەبو زەبی کردووە و گەیشتوون بە "خاڵێکی گرنگ"، ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید-یش کۆببێتەوە.
 
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و بەتایبەتی بەهۆی پێکدادانەکانی لیبیا، ئاڵۆزی کەوتە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و تورکیا. تورکیا ساڵی رابردوو ئیماراتی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی دەستوەردانەکانی لە لیبیا و یەمەن، ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکەش رەخنەیان لە کردەوە سەربازییەکانی تورکیا دەگرت. کاتێک ئەردۆغانیش رایگەیاند، ئەنقەرە دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەبو زەبی هەڵپەسێرێت، ئەمەش دوای رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە گەیشتە خراپترین ئاستی لە مێژوودا.
 
بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، ئیمارات پاڵپشتیی ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییانە" دەکات کە تورکیا دەکەنە ئامانج و ئەو گرووپانە وەکو ئامرازی سیاسی و سەربازی بەکاردەهێنن.
 
ساڵی 2017ش ئەبو زەبی یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە لەگەڵ سعودیە گەمارۆیان بۆ سەر قەتەر دەستپێکرد، ئەمەش پاش ئەوەی دەوحەیان بە پاڵپشتیکردنی ئیخوان موسلیمین و نزیکیی ئەو وڵاتە لە ئێران تۆمەتبار کرد. لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 ئەبو زەبی دوای سعودیە گەمارۆی سەر قەتەری هەڵگرت.
 
بەپێی راپۆرتێک، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئیمارات خواستی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە