رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی نێتفلێکس بە فەرمی وادەی بڵاوکردنەوەی فیلمی (Blinders: The Immortal Man) راگەیاند کە تەواوکەری رووداوەکانی زنجیرەی جیهانی و پڕبینەری (Peaky Blinders)ـە. بڕیارە فیلمەکە لە ئاداری 2026 پەخش بکرێت و کیلیان مۆرفی بە رۆڵە ئەفسانەییەکەی تۆمی شێڵبی دەگەڕێتەوە.
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، نێتفلێکس یەکەم پۆستەری فیلمەکەی بڵاوکردەوە. بڕیارە فیلمەکە لە 6ـی ئاداری 2026 لە سینەما هەڵبژێردراوەکانی جیهان نمایش بکرێت، دواتر لە 20ـی ئاداری 2026 لە پلاتفۆرمی نێتفلێکس پەخش بکرێت.
زنجیرەی (Peaky Blinders) لە کوردستانیش خاوەنی جەماوەرێکی یەکجار فراوانە. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، ئەم بەرهەمە بووەتە یەکێک لە خۆشەویستترین زنجیرەکان لەلای گەنجانی کورد.
کاریگەریی زنجیرەکە بەجۆرێکە کە کەسایەتی تۆمی شێڵبی بووەتە ئایکۆنێک؛ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و تیکتۆک، بەردەوام وتە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم ئەکتەرە دەستاودەست دەکرێن. تەنانەت شێوازی جلوبەرگ و بەشێک لە رەفتاری کارەکتەرەکان؛ کاریگەریی لەسەر شێوازی بەشێک لە گەنجان هەبووە و وەک سیمبوڵێکی "کاریزما و هێز" تەماشا دەکرێن.
گرنگیی ئەم فیلمە لەوەدایە کە کیلیان مۆرفی، ئەکتەری ئێرلەندی و پاڵەوانی زنجیرەکە، جارێکی دیکە رۆڵی کارەکتەری شێڵبی دەگێڕێتەوە. مێرفی کە ساڵی رابردوو بەهۆی فیلمی (Oppenheimer)ـەوە خەڵاتی ئۆسکاری باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا، ئێستا لە لووتکەی ناوبانگی هونەریدایە و گەڕانەوەی بۆ ئەم رۆڵە کۆنەی، بایەخێکی گەورەی سینەمایی هەیە.

مێرفی لەبارەی گەڕانەوەکەی دەڵێت: "وا دیارە تۆمی شێڵبی هێشتا کاری بە من تەواو نەبووە... ئەم فیلمە دیارییەکە بۆ هەوادارانمان".

فیلمەکە درێژەپێدەری چیرۆکە ماڵباتی شێڵبی دەبێت لە شەقامە بێ یاساکانی شاری بێرمینگهام لە سەرەتای ساڵانی 1900. سۆفی رەندڵ لە رۆڵی ئاداـی خوشکی تۆمی دەگەڕێتەوە، هاوکات هەریەکە لە ستیڤن گراهام و نێد دێنێهی بەشدار دەبنەوە.

هاوکات چەند ئەستێرەیەکی دیکەش پەیوەندییان بە دەستەی نواندنی فیلمەکە کردووە، لەوانە: رێبێکا فێرگسۆن، ئەستێرەی فیلمی (Dune) و باری کیۆگن، ئەستێرەی فیلمی (Saltburn).
تۆم هارپەر، کە پێشتر دەرهێنانی بۆ چەندین ئەڵقەی زنجیرەکە کردووە، کاری دەرهێنان بۆ فیلمەکە کردووە و ستیڤن نایت، خاوەن بیرۆکەی زنجیرەکە، سیناریۆی بۆ نووسیوە.

زنجیرەکە لە 2013 دەستیپێکرد و لە 2022 دوای شەش وەرز کۆتایی هات، بەڵام داواکاریی زۆری بینەران وایکرد چیرۆکەکە لە چوارچێوەی فیلمێکدا کۆتایی پێبهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ