رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی دیزنی پڵەس تورک 'Disney+ Türk' زنجیرە درامایەکی نوێی بەناوی "هەڵاتن" لەبارەی دۆخی کوردانی ئێزدی لە شنگال لەو کاتەی لە ژێر دەستی رێکخراوی داعشدا بوو، بەرهەمهێنا.
لە هەژماری فەرمیی تویتەری دیزنی پڵەس تورکدا ترەیلەری زنجیرە دراماکە بڵاوکرایەوە و ئاماژە بەوەش کراوە، ئەڵقەی یەکەمی زنجیرە دراماکە رۆژی 14ـی حوزەیران بڵاودەکرێتەوە.
ئەنگین ئاکیورەک، ئەکتەری تورکیا رۆڵی سەرەکی زنجیرەکە دەبینێت و رۆڵی سەرەکیی دووەمیش دراوەتە ئیرەم هێلڤاجیئۆغڵو، خانمە ئەکتەری تورکیا و هەردووکیشیان پێکەوە رۆڵی پەیامنێری جەنگ دەگێڕن.
ئەو دوو کاراکتەرە لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤان هەوڵ دەدەن رووماڵی هێرشی داعش بۆسەر شنگال بکەن و مەبەستیانە لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی کوردانی ئێزدی بن. سەرەتا ئەم گرووپە رۆژنامەڤانە بەنهێنی خۆیان دەگەیێننە گوندێکی شنگال، بەڵام بەرلەوەی دەست بە رووماڵ بکەن، لەلایەن داعشەوە بەدیل دەگیرێن. لەماوەی مانەوەیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش، ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیە دەبینن کە داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی ئەنجامی دەدات.
ئاکیورەک و هێلڤاجیئۆغڵو و رۆژنامەڤانەکانی دیکە هەوڵ دەدەن خۆیان رزگار بکەن لەو دۆخەی تێیکەوتوون بۆ ئەوەی رووداوەکان بۆ هەموو جیهان بگوازنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ