نامەیەکی بڵاونەکراوەی سەعید قەزاز بۆ مامۆستا رەفیق حیلمی

11-04-2021
کاوە ئەمین گوڵچین
A+ A-
 
یەکێک لەو کەسایەتییە کوردانەی کە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە قسەی لەسەر کراوە، سەعید قەزازە، ئەو پیاوەی کە چەندین پۆستی ئیداری جیاواز و گرنگی لەنێو حکومەتی عێراقدا وەرگرتووە، بەگوێرەی پلە و پۆستەکانی بێت، کە لەدوای ساڵی 1946 تاوەکو کاتی لەسێدارەدانەکەی وەریگرتووە، خزمەتێکی زۆری بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق کردووە.
 
ئەو سیاسییەکی ژێهاتی و دنیادیدە بووە، وەکو باسدەکرێت ویستوویەتی عێراق بەرەو وڵاتێکی خۆشگوزەران لە نموونەی وڵاتانی دیکە بەرێت. یەکێک لەو هەڵوێستە نیشتمانییانەی بەرامبەر کورد و خاکی کوردستان دەریبڕیوە ئەوەیە، کە چەندین جار ویستوویەتی بەشێوازی جۆراوجۆر رێگە لە تەعریبی کەرکووک بگرێت. لە چەند بەرنامەیەکی پەنجەمۆردا لە میوانەکانم بیستووە کە سەعید قەزاز ویستوویەتی عەشایەری کورد لە (حەویجە) نیشتەجێ ببن، بۆ ئەو مەبەستە داوای لە بەگزادەکانی جاف و سەرۆک خێڵە کوردەکان کردووە کە ژمارەیەک خێزانی کورد بنێرنە حەویجە و تێیدا نیشتەجێ ببن، بەڵام بە قسەیان نەکردووە، هەربۆیە کاربەدەستە عەرەبەکانی ناو حکومەتی عێراق هەلەکەیان لەدەست نەداوە و هانی سەرۆک خێڵە عەرەبەکانیان داوە و بەقسەشیان کردوون، لە سەرەتادا لە دەوروبەری کەرکووک و پاشان ناو کەرکووک نیشتەجێیان کردوون.
  
لەم نامەیەدا کە رەنگە تەنیا نموونەی دەستخەتی سەعید قەزاز بێت لەبەردەستدا بێت و بۆ مامۆستا رەفیق حیلمی نووسیوە و ئەوکاتە سەعید قەزاز وەزیر بووە، بەڵام زۆر بەڕێزەوە لەگەڵ مامۆستا رەفیق حیلمی دەدوێت، کە پێدەچێت لە وەڵامی نامەیەکی رەفیق حیلمیدا بێت کە گلەیی لە سەعید قەزاز کردووە و داوای لێکردووە بگوزارێتەوە بۆ بەغدا نەک عەمارە. لە نامەکەدا دەیەوێت دڵنەوایی مامۆستا رەفیق حیلمی بداتەوە بەوەی کە عەمارە شارێکی خۆشە و بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق هەرزانترە.
 
هەروەها نامەکە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە سەعید قەزاز و رەفیق حیلمی پەیوەندی خێزانییان هەبووە و تێکەڵاو بوون. من لە کچەکەی مامۆستا رەفیق حیلمیم بیستووە کە لە کاتی دادگایی سەعید قەزاز داوایان لە مامۆستا رەفیق حیلمی کردووە لەدژی سەعید قەزاز شایەتی بدات، بەڵام نەک ئەوەی نەکردووە، بەڵکو ئامادەی دانیشتنی دادگاش نەبووە.
 
بەسەرهاتێکی خۆشی سەعید قەزاز و ئوستاد بەشیر موشیر هەیە کە مامۆستا جەمال نەبەز دەیگێڕێتەوە :”سەعید قەزاز تەنیا شۆفێرەکەی لەگەڵ دەبێت و سەردانی دووکانەکەی بەشیر موشیر دەکات، لەگەڵ ئەوەی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتەی عێراق هێندەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتی هەبووە، روو لە بەشیر موشیر دەکات و دەڵێت: ئەوە چییە وەستا بەشیر، ئەو شتە قۆڕانە دەنووسیت و جنێو بە حکومەت دەدەیت، کێ ئەو شتانەت بۆ دەنووسێت؟ کە بەشیر موشیر گوێی لە وشەی وەستا بەشیر و کێ بۆت دەنووسێت دەبێت، زۆر تووڕە دەبێت و روو لە سەعید قەزاز دەکات: کێ بۆ ئەمین (من) دەنووسێت، ئەمین قەڵەمم بەقوەتە و خۆم دەینووسم! سەعید قەزاز بەلایەوە سەیر دەبێت و دەڵێت: باشە ئەمین قەلەمم بە قوەتە، بۆ دژی حکومەت دەنووسیت، حکومەت چی لە تۆ کردووە؟ بەشیر موشیر لە وەڵامدا دەڵێت: ئاخر سەعید بەگ، ئەگەر حکومەت خۆی گەواد نەبێت من بۆ دژی دەنووسم، ئەی بۆ دژی تۆ هیچ نانووسم؟ ئیتر سەعید بەگ لەوێوە بەشیر موشیر دەناسێت و پێی دەڵێت: بنووسە چی دەنووسیت بەدژی حکومەت بنووسە، بەڵام توخوا لەدژی من مەنووسە”. 
وەکو مامۆستا جەمال نەبەزیش دەڵێت، ئەو وەڵامەی سەعید قەزاز بۆ ئوستاد بەشیر موشیر، نیشانەی خانەدانی و تێگەیشتوویی ئەو پیاوە بووە.
 
من لەو باوەڕەدام کە ژمارەیەکی زۆر بەڵگە و نامە و دەستنووس، هێشتا لە سندووقی ماڵە خوێندەوار و  ئەشرافەکانی کوردستاندا ماون و خاوەنەکانیان وەکو پێویست بەها و نرخی مێژووییان نازانن، بەهیوای ئەوەی هەر کەس لای خۆیەوە تیشک بخاتە سەر سەرچاوە و بەڵگە مێژووییەکان بۆ ئەوەی کەڵکیان لێ وەربگیرێت. 
 
دەستنووسی نامەیەکی بڵاونەکراوەی سەعید قەزاز
 

دەستنووسی نامەیەکی بڵاونەکراوەی سەعید قەزاز

دەقی نامەکە هەر بە دەستخەتی خۆی
 
موصل
٢١\١٢\١٩٥٢
 
 
روحکم رفیق بگ
 
لەدوای تقدیم حرمت شیرین نامەکانتم ورگرت. اوندە لە مژدەی صحتتان ممنون بوم بەو نسبتە لە گلەیی و غیاب و ناقصتان متاثربوم. بە ناهەق لە خوتان دا تقصير و لەمنا برامبر بە ایوە دلگیری فرض اکەن و حکمی لسر ادەن. والحال لە حقیقەت دا هیچیان موجود نیە، خاصتآ حرمت و صميميت من مقابل بە شخصيت ایوە همیشە لەزیادی دایە، وتمنام اویە دائما مسعود و کاروبارتان همووقت بە ارزوی دڵی خۆتان بروات.
 
بە گەیشتنی کاغەزکتان فورییان بە مدیر معارفم گوت کە صبحي مصطفا شاڵی بنیریت بۆ دائرە کە مواجهەی بکەم. باورناکەم لە پاش امندە مدت دراسە تحویلی بۆ بغدا ممکن بیت. 
 
 
من باقی تێ اگەیینم کە ایوە کاغزتان بۆ نوسیوم و هەر نوعە معاونەتیکی بە من بکریت بسر چاو بەری اکم. 
 
عمارە وکو بیستومە جیگایکی خۆشە نسبتا بە شارکانی تر هەرازنترە. او اسبابە کە نوسیومە 
تشکیک ناکات کە بەو نوعە برچاوتان بکەویت. انشائەللە بە خوشی و بە سحت وقتی تیا دا را ابویرن.
امید اکەم جمال و گوزیدەی ژنی میران ببەن کە نەخوت و نە منالەکانتان دڵ تنگ ببن، رفیق بن بو همو خزمەتیکتان.
دایکم و دایکی پریخان حرمت و محبت زیادیان بۆ منالەکانتان هیە.
 دوبارە حرمت و محبتم تقدیم و رجای قبول فرمونی اکم. 
 
برای موخلستان 
سعید قزاز
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە فیلمی  (Avatar: Fire and Ash)

بەشی سێیەمی (Avatar) لە سینەماکانە و لە چین 17 ملیۆن دۆلار بەدەستهێناوە

فیلمی (Avatar: Fire and Ash)ـی جەیمس کامیرۆن، لە نمایشە بەراییەکانی رۆژی پێنجشەممەدا لە ئەمریکای باکوور 12 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، ئامانجی بەرهەمهێنەرانی کۆتاییهێنانە بە 2025 بە بەهێزترین فیلمی ساڵ.