رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کاریگەریی و ناوبانگی فەرشی سووری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە رایانگەیاند، بە رووتی دەرکەوتن لەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵ قەدەخەیە.
لە بڕیارە نوێیەکەی فێستیڤاڵدا هاتووە: "رووتی لەسەر فەرشی سوور قەدەخەیە، هەروەها لە هەر سوچێکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا".
رێکخەرانی فیستیڤاڵ دەیانەوێت رێگری لەو ئەستێرە و میوانانە بکەن کە دەیانەوێت بە رووتی یاخود بە پۆشینی جلێک دەرکەون کە جەستەیان لە ژێرەوە دیار بێت.
لەسەر فەرشی سووری بەشێک لە رووداوە هونەرییەکانی جیهاندا، دەرکەوتنی رووتی ئەستێرەکان هەبووە، لەوانەش بیانکا سینسۆری لە سەر فەرشی سووری دوایین خولی رێوڕيسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی.
جگە لەو بڕیارە، رێکخەرانی فێستیڤاڵ ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، نابێت ئەستێرەکان جلوبەرگێک بپۆشن کە دواوەی درێژ بێت و کاریگەری لەسەر رۆیشتنی ئەستێرەکان دروست بکات.
فێستیڤاڵ فیلمی کان مەرج و یاسای زۆری بۆ جلوبەرگ هەیە، بۆ نموونە میوانە ژنەکان دەبێت پێڵاوی پاژنە بەرزیان لە پێ بێت، لە کاتێکدا بۆ چوونە ناو هۆڵی کۆشکی فێستیڤاڵەکان، پێویستە 24 پلیکانە بەسەر بکەوێت.
فێستیڤاڵەکە لە 2018 وێنەی سێلفیی لەسەر فەرشی سوور قەدەخە کرد، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە بەشداربووانی لێکەوتەوە.
78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە 13 تاوەکو 24ـی ئایاری 2025 لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. لەم هەفتەیەدا دوایین ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵ کراون و رووی کۆشکی فێستیڤاڵەکان کە فێستیڤاڵی کانی تێدا بەڕێوەدەچێت، بە پۆستەری سەرەکیی فێستیڤاڵ داپۆشراوە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ