ئومێد خۆشناو یەکەمین کارەکانی بۆ رووداو ئاشکرا دەکات

18-02-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئومێد خۆشناو
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئومێد خۆشناو
نیشانەکردن ئومێد خۆشناو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی پێنجشەممە 18-2-2021 ئومێد خۆشناو وەکو پارێزگاری هەولێر لە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد. لە یەکەم دیداری تەلەڤزیۆنیی دوای سوێندخواردنی لە رووداو کارە لە پێشینەکانی ئاشکراکرد. گوتی، ئامانجی سەرەکیی وەکو پارێزگار خزمەتکردنی خەڵک دەبێت بەبێ جیاوازی. 
 
ئومێد خۆشناو لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی  رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکێکی قورسی لەبەردەمە بەڵام "لەنێوان ئەرکی قورس و سووکدا، ئەرکە قورسەکە هەڵدەبژێرێم". ئەوەشی گوت، لە دوای کۆبوونەوەی لە دیوانی پارێزگای هەولێر، یەکەم کاری سەردانی هەموو کارمەندانی پارێزگا دەکات، "لە پرسگەوە تا هەموو بەشەکانی دیکە کە پێویستن". 
 
بۆچی 18ـی شوباتی هەڵبژارد بۆ سوێندخواردن؟
 
ئومێد خۆشناو بۆ رووداوی ئاشکرا کرد کە خۆی داوای کردووە لە 18ـی شوباتدا سوێندی یاسایی بخوات، چونکە: 
 
- یادی دامەزراندی یەکێتیی قوتابیان و لاوانە کە ئەگەر تەمەنی خۆم دابەش بکەم، نیوە زیاتری لە کارەکانی ئەو رێکخراوەدا رۆیشتووە، چونکە لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستم پێکردووە و پلە بە پلە بڕیومە تاوەکو دوایین پلە کە سکرتێری ئەو رێکخراوە بوومە.
 
- 18ـی شوبات یادی مرۆڤێکە کە هەمیشە بە زیندوویی لە بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە، ئەویش "فرەنسۆ هەریرییە" کە هەمیشە مامۆستای ئێمە بووە و لەو رۆژەدا "بەداخەوە تاریکپەرستان و تیرۆریستان لە هەولێردا شەهیدیان کرد". 
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، لە رۆژی دیاریکردنی لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە 15 رۆژیان لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخوات، "بۆیە کە نزیکبووینەوە لە 18ـی شوبات ئەو داوایەم لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.. ئەوانیش ئەو رۆژەیان دیاریکرد و ئەمڕۆ بەفەرمی وەکو خزمەتکارێک لە شاری هەولێر دەستبەکار دەبم". 
 
یەکەم کاری چی دەبێت؟
 
ئومێد خۆشناو رۆژی یەکشەممە 21-2-2021 دەست بەکارکردن دەکات، لەبارەی یەکەم کاری باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی بە فەرمی دیاریکرا، سەردانی ماڵی مامۆستا ئیبراهیمی کرد لە شەقڵاوە کە لە رۆژی کردنەوەی قوتابخانەکاندا و لەکاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بە کارەبا گیانی لەدەستدا. 
 
لە رۆژی متمانە وەرگرتنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو یەکەم کار کە کردی، سەردانی ئارامگەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر بوو. ئەو بە رووداوی گوت، "وەکو وەفایەک سەردانی گۆڕەکەیم کرد و دواتر سەردانی ماڵیانمان کرد". 
 
یەکەم کاری لە رۆژی یەکشەممە، ئومێد خۆشناو لەگەڵ وەزیری ناوخۆ سەردانی دیوانی پارێزگار دەکات، گوتی "بەدڵنیاییەوە یەکەم کار دانیشتن دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرەکان و لەگەڵ بەڕێزان جێگرانی پارێزگار".  
 
ئومێد خۆشناو دەشڵێت، لە نەریتێکی جیاوازدا کە پێشتر لە هەر شوێنێک بەڕێوەبەرێک یان بەرپرسێک دەچێتە جێگەیەک، کەسی یەکەم لە ژوورەکەی خۆی دەبێت و فەرمانبەرەکان سەردانی دەکەن، "من بە جیاواز دوای ئەوەی لەگەڵ جەنابی وەزیر دەچینە پارێزگا و ئەو کۆبوونەوە پێویستانە دەکەین، دواتر رەنگە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بکەین، دواتر سەردانی یەک بە یەکی بەشەکان لە پرسگەوە تاوەکو ئەو بەشانەی پێویست دەکات سەردانی فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگا دەکەین". 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان چی پێ گوتووە؟ 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرکی ئومێد خۆشناوی وەکو پارێزگاری هەولێر بە "قورس" ناوبردووە، ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە "ئەرکی ئێمە زۆر قورسە، بەڵام لەبەرامبەردا هەڵەترین کاریش هەڵبژاردنی کارە ئاسانەکەیە". بۆ ئەوەش نموونەیەکی هێنایەوە. کە لە زانایەکیان پرسیوە هەڵەترین کار چی بووە کردوویەتی، ئەو گوتوویەتی لەنێوان کاری قورس و ئاساندا، ئاسانەکەی هەڵبژاردووە. 
 
بە بڕوای ئومێد خۆشناو، ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە، بە "ئەرکی خزمەتکاری دەبینم". دەشڵێت، قورسیی ئەرکەکە هەر کێشەی دارایی نییە. بەڵکو ئەوەی ئەرکەکەی زیاتر قورس دەکات ئەوەیە "من متمانە پێکراوی جەنابی سەرۆکم [سەرۆک مەسعود بارزانی]. هێندە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم، کە داوای من نەبووە و جەنابیان منیان هەڵبژاردووە، ئەوە گەورەترین ئەرکە و دەبێت لە ئاستیدا بم". 
 
هۆکارەکانی دیکە کە وادەکەن "ئەرکەکەی ئومێد خۆشناو قورس بێت" بە گوتەی خۆی، "قورستر دەبێت کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و تەواوی پارتی پشتگیریم دەکەن". 
 
ئومێد خۆشناو ئەوەشی گوت "قورستر لە هەمووان ئەو فیدباکەیە لەنێو خەڵکدا هەستی پێدەکەم. ئەوەش دیسان ئەرکی من قورس دەکات کە دەبێت لە ئاستی خواستەکانیاندا بم. بە باوەڕبەخۆبوونێکی زۆرەوە داخڵی کارەکە دەبین". 
 
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە، "ئێستا بەرچاوم روون نییە. رەنگە بڵێم نازانم چی دەکەم، بەڵام دەزانم چی ناکەم. بە دڵنیاییەوە کارێک ناکەم خەڵکی هەولێر نیگەران بێت، کارێک ناکەم لەلایەن خەڵکەوە رەتکرابێتەوە، کارێک ناکەم نادادپەروەری و ناپاکی بێت، کارێک ناکەم دەستپاکی نەبێت". 
 
کارەکانی ئومێد خۆشناو وەکو خۆی ئاماژەی پێکرد، "لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت و ئەو کارنامەیە دەبێت کە پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا دایناوە. لەژێر ئەو کارنامەیەی برای جوانەمەرگم د. فرسەت دیاریکردووە، دەبێت". گوتیشی، "جێبەجێکاری کارنامەی حکومەت دەبین لە شەفافییەتدا سازش ناکەین، لە چاودێریکردنی دەوامی فەرمانبەران و وەستانەوە دژی گەندەڵی هەوڵدەدەین جێپەنجەی خۆمان جێبهێڵین". 
 
لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی چی کرا؟
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، پێش مەراسیمی فەرمی دانیشتنێک هەبوو کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوان و وەزیری ناوخۆ تێیدا ئامادەبوون. "باسی قۆناخەکە و ئاڵنگارییەکان و هەولێر و تایبەتمەندییەکانی کرا. ئەوەی بۆم دڵخۆش بوو، پشتیوانیی ئەو تیمەم دەبینی". 
 
ئومێد خۆشناو پێیشیوایە سەرکەوتنی کارەکان بە تیم دەبێت و گوتی "دەمانەوێت وەکو یەک تیم بیبەینەوە".  
 
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئامۆژگاری و پێشنیازەکانی ئەو کەسانەی لە کۆبوونەوەکە بوون، گوتی، "ئامۆژگارییەکانی ئەمڕۆ و ئەو دیدارەی لە دووی شوبات لەگەڵ سەرۆک بارزانی و لە یەکی شوباتیش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەمووی دوو تەوەری سەرەکی بوون: میحوەر لە کاری ئێمەدا هاووڵاتی و خواستی هاووڵاتییانە. دووەم: جێنەهێشتنی هەژاران و بەسەرکردنەوەی مەیدانیی کارەکانی هاووڵاتیان و گوێگرتنە لێیان".
 
بە بیرکردنەوەی حیزبییانە کار دەکات؟
 
"زۆرجار لەلایەن خەڵکەوە پرسیاری ئەوە دەکرێت، ئومێد خۆشناو لە حیزبدا کاری کردووە، لە کاری رێکخراوەیدا کاری کردووە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بووە، هەر بەو دیدەوە کار دەکات؟" ئومێد خۆشناو وەڵامی ئەو قسانەی دایەوە و گوتی، "ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان کردوومە بە باوەڕەوە بەرگریم لە راستییەکان کردووە. کاری باشم کردووە و ئەدای کاری پەرلەمانیمان کردووە بۆ بەرگریی لە راستییەکان، ئەوەی لە پەرلەمان کردوومە لێی پەشیمان نیم و کاری زۆرباشمان کردووە".
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت، ئامانجی حیزبەکەی و پشتیوانیی حیزبەکەی بۆی ئەوەیە کە راسپێردراوە کارێکی گشتی بکات بۆ خەڵک، "نەک کاری حیزبی. واتە: کارێکی گشتی لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی سەرۆکی حکومەت".
 
هەولێر شارێکی فرەڕەنگە و چۆن دەتوانێ ببێتە پارێزگاری هەموو لایەک؟
 
ئومێد خۆشناو لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی، رەنگە هەموویان رازی نەبن و لەوانەیە ئۆرگانەکانی حیزبەکەیشم لە هەندێک کار رازی نەبن، "بەڵام بە دڵنیاییەوە دوور دەکەوینەوە لە ئەدای حیزبییانە. دەمانەوێت رووخسارێکی شەفاف و لە هەموو روویەکەوە پاک پێشان بدەین و خۆشەویستیم لە لووتکەیە بۆ شارەکەم". 
 
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی گوت، هەولێر پایتەختە و جێگەی هەموو کەسی تێدا دەبێتەوە، ئەوە بیروباوەڕی خەڵکی هەولێرە و "دەبێت باوەڕیشمان وابێت پایتەخت جێگەی هەمووانە".
 
"سەردانی حیزبەکان دەکەین"
 
ئومێد خۆشناو دەشڵێت، دوای کارە ئیدارییەکان، "یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانمان سەردانی هەموو حیزب و لایەنەکانە و کارنامە و شێوازی کاری خۆمانیان پێدەڵێین". 
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، بە حیزبەکان دەڵێت، ئەوان دەیانەوێت خزمەتی خەڵکی هەولێر بکەن و "دوای متمانە وەرگرتن من پارێزگاری دەنگدەرانی هەموو لایەنەکانم. لە یەکێتی، گۆڕان و مەسیحی و لایەنەکانی دیکە"
 
چی دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا؟
 
لەبارەی کۆرۆنا کە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە، مەترسی هاتنی شەپۆلێکی دیکە هەیە، ئاماژەی بەوە کرد، "لە سەرەتاشدا خەریک بوو بەسەر کۆرۆنادا زاڵ دەبووین، بەڵام تێکەڵی کۆمەڵێک بابەت کرا و باجی زۆرمان دا و خەڵکی زۆرمان لەدەستدا". 
 
بۆ کارەکانی وەکو پارێزگار لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ئومێد خۆشناو دەڵێت، "من بە ئاسانی نایبینم، لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا دەکرێت و لە چوارچێوەی رێنماییەکان دەبێت هەموو ئامادەکارییەکانمان بەو ئاراستەیە بێت خۆمان بپارێزین.. دونیاش تێگەیشت کە چارەسەری کۆرۆنا تەنیا خۆپارێزییە. هەواڵەکانیش خۆش نین، بۆیە هیوادارین نەگەینە ئەو قۆناخەی جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێنین".
 
رەنگە کەمێک لە راگەیاندن دووربکەومەوە
 
ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد، لەوانەیە کەمێک لە میدیاکان دووربکەوێتەوە، بەڵام بەشێوەیەک دەبێت، کارەکانی پارێزگاری هەولێر بگاتە هەموو لایەک. ئەو دەڵێت، "درووشمێکم هەیە هەوڵبدەین لەوەی ببینە خزمەتکاری خەڵک و کەمترین قسە و زۆرترین کردارم هەبێت". 
 
پرسی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک چی بەسەر دێت؟
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی کێشەکانی هەشتی حەسارۆک، یەکێ لە ئامانجەکانی ئەوانە وەکو پارێزگا و وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان. "رەنگە چارەسەرەکە 100% بە دڵی خەڵک نەبێت". ئەو دەڵێت، 18 رۆژە لەنێو ئەو کێشانەدایە. ئاوی هەولێریش یەکێکە لە کێشەکانی دیکەی خەڵک و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت، کێشەکانی خەڵکی لەلای خۆی یاداشت کردووە و پێش ئەوەی بچێتە دیوانی پارێزگا لە رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و "پرسیار و وەڵام بۆ خەڵک بەشێک دەبێت لە قسەکانمان". گەشبینیشم بەوەی کە فەوکەسی سەرەکی لە کارەکانی حکومەت خەڵک و هاووڵاتییە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە