رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، بڕیار بوو کاژێر 12:01ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بوەستێت، بەڵام تاوەکو سبەی شەو درێژکرایەوە و "لەدوای ئەو کاتەوە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بە پارە دەبێت."
رۆژی دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو دوا کات بوو بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک، بەڵام جارێکی دیکە تاوەکو 2ی ئەیلوول درێژکرایەوە، واتە سبەی شەو کاژێر 12:00 کاتەکەی تەواو دەبێت."
لە 2ی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و بڕیاربوو 1ی ئاب دوایین رۆژ بێت، بەڵام سەرەتا بۆ 25ی ئاب، دواتر بۆ 1ی ئەیلوول و دواتریش بۆ 2ی ئەیلوول درێژکرایەوە.
بە گوتەی مەریوان هادی، "لە سبەی شەوەوە پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێتە پارە و بۆ هەر مامەڵەیەک 10 هەزار دینار وەردەگیرێت."
بەگوێرەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 85%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان پڕکردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 31ی ئاب پڕکردنەوەی فۆڕم لە پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
پارێزگای هەولێر: یەک ملیۆن و 741 هەزار و 907 کەس.
پارێزگای سلێمانی: یەک ملیۆن و 704 هەزار و 428 کەس.
پارێزگای دهۆک: یەک ملیۆن و 89 هەزار و 569 کەس.
پارێزگای هەڵەبجە: 102 هەزار و 774 کەس.
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی زانیاریی هەموو خێزانەکان، ئەپلیکەیشنێک بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆماردەکرێت.
تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی فۆڕم و زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سیستمی ئەلیکترۆنیی فۆڕمی خۆراک زیادنەکراون؛ بڕیارە دوای تەواوبوونی ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، خزمەتگوزارییەکانی دیکە چالاک بکرێن.
مانگانە لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 2,074,129 کەس، لە پارێزگای هەولێر 1,984,000 کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 1,320,000 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ