رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو کۆچبەرەی لە لیبیا گیانی لەدەستدابوو گەڕێندرایەوە دەڤەری راپەڕین. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێ، ئەم ساڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 کۆچبەری لە زیندانەکانی لیبیا و تونسەوە گەڕاندووەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە 01-11-2025 تەرمی هۆگر ئاسۆ خدر، ئەو کۆچبەرەی 16ـی تشرینی یەکەم لە لیبیا گیانی لەدەستدا، لەسەر ئەرکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێندرایەوە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
ئاسۆ خدری، باوکی هۆگر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''پێشتر کوڕەکەم هیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام پشکنینەکان دەریانخستووە لە لیبیا نەخۆشکەوتووە و بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.''
ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردبوو، 41 هاونیشتمانی بوون کە 40ـیان 26ـی تشرینی یەکەم لەلایەن حکومەتەوە گەڕێندرانەوە.
هاوکات بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کۆمەڵێک ئاماری خستەڕوو و رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 319 کەس کە لە لیبیا گیریانخواردبوو، لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە گەڕێندراونەتەوە.
بەگوتەی بەکر عەلی، هەر لەو ماوەیەدا، لە رێگەی حکومەتەوە نزیکەی 85 هاونیشتمانیش لە وڵاتی توونسەوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان.
وەک سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا دەڵێت: ''هێشتا لەو هاونیشتمانییانەی کۆچیان کردووە، 25 کەس لە زیندانەکانی لیبیا، نزیکەی 20 کەس لە توونس، 7 کەس لە بولگاریا، دوو کەس لە ئەرمینیا و کەسێکیش لە سربیا گیریان خواردووە.''
بەکر عەلی ئاماژەی بە تەرمی کۆچبەرێکیش کرد کە مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا گیانی لەدەستداوە و داوا لە حکومەت دەکات، رێکاری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاونیشتمانییانە و تەرمی کۆچبەرەکە بگرێتەبەر.
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا و توونسەوە دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتانەوە بە دەریادا خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ