رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا، 90٪ـی کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دابەشکراون، بەڵام نزیکەی 35 هەزار کارتی دەنگدان یان ٪10ـی کارتەکان لە پارێزگاکان وەرنەگیراونەتەوە، کۆمیسیۆن داوا دەکات ئەوانەی کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە "پەلە بکەن" لە وەرگرتنەوەی، بەپێچەوانەوە مافیان نابێ دەنگ بدەن.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت، 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر لە 11ـی 11ـی 2025 دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێ.
رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "10٪ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، دەکاتە 34 هەزار کارتی دەنگدان و زۆرترینیان لە هەولێرن، پێویستە خەڵک پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەیان چونکە کاتەکە سنووردارە."
نەبەرد عومەر، دەڵێت: "بە کۆی گشتی 413 هەزار کارتی نوێی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان چاپکراون و لەو ژمارەیە، 379 هەزار کارت دراونەتەوە دەنگدەران، دەکاتە ٪90، 34 هەزار و 982 کارتیش ماون دابەش بکرێن.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، لەو کارتانەی وەرگیراونەتەوە، 94٪ـی لە پارێزگای دهۆک، 88٪ـی لە پارێزگای هەولێر و 89٪ـی لە پارێزگای سلێمانی بووە.
بەپێی پارێزگان 34 هەزار و 982 کارت وەرنەگروانەتەوە:
- لە پارێزگای هەولێر 17 هەزار و 75 کارتی دەنگدان
- لە پاریزگای سلێمانی 12 هەزار و 504 کارتی دەنگدان
- لە پارێزگای دهۆک 4 هەزار و 727 کارتی دەنگدان
رۆژی 5ـی 11ـی 2025، دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان. نەبەرد عومەر، داوای لە دەنگدەران کرد سەردانی بنکەکان بکەن و بە زووترین کات کارتەکانیان وەربگرنەوە، بە پێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوان کارتی بایۆمەترییان بۆ دروستکراوە یان نوێیان کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ