رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێک بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون و ئامانج لە سەردانی شاندەکە بۆ چارەسەری پرسی بودجە و مووچەیە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 02-04-2024 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو شاری بەغداد بەڕێکەوتوون.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەشەوە ئاماژە بەوە کراوە، "بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان."
شەوی سێشەممە 2ی نیسانی 2024 خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق وەڵامی پرسیاری زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدای دایەوە و گوتی، "هیچ بەربەستێکی یاسایی یان سیاسی نییە بۆ رەوانەکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەوڵەکان لەپێناو ئەوەیە پێش جەژن مووچە خەرج بکرێت."
لەبارەی ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، خالید شوانی گوتی، "ئەو رێککەوتنە بەراییەی لەنێوان هەردوو لایەندا کراوە بەو جۆرەیە، ناوی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێت و تاوەکو ئێستاش ئەو رێککەوتنە کارپێکراوە."
بۆ ناردنی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دادی عێراق، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەگوێرەی میکانیزمەکان لیست رەوانەی بەغدا بکات و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بۆ خەرجکردنی پارە. هیچ رێگرییەکی یاسایی و سیاسی لە رەوانەکردنی مووچەکەدا نییە."
خالید شوانی ئاماژەی بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەندێک جار [ناردنی پارە] دوادەکەوێت. پێویستە وەزارەتی دارایی [هەرێمی کوردستان] و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستییە کارگێڕی و داراییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێ بکەن و خۆیان لەگەڵ ئەم میکانیزمانە رابێنن کە لە حکومەتی ئیتیحادی پیادە دەکرێن."
بە گوتەی وەزیری دادی عێراق، هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی عێراقیش ئەگەر بێتو رێوشوێنە کارگێڕییەکانیان کێشەی تێدابێت، ئەوا وەزارەتی دارایی بودجەکانیان نانێرێت تاوەکو چارەسەری نەکەن.
تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. بۆ مووچەی مانگی شوبات، زیاتر لە 600 ملیار دیناری ناردووە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان داوای 949 ملیار دیناری کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ