بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردن کورسییەکانی سلێمانی بەسەر 6 لایەندا دابەش دەبن

02-11-2025
ئەحمەد تەڵعەت
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای سلێمانی لە کورسیی تەرخانکراو بۆ پەرلەمانی عێراق پێنجەمی عێراقە لەدوای بەغدا، نەینەوا، بەسرە و زیقار، بەڵام بۆ پارتە کوردستانییەکان پارێزگایەکی گرنگە لەڕووی ژمارەی دەنگ و کورسییەوە، چونکە زۆرترین کورسیی هەرێمی کوردستان و زۆرترین دەنگدەریش هەر لەو پارێزگایە.
 
بازنەی سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 18 کورسیی هەیە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییانە 132 بەربژێر رکابەری دەکەن.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی 36 بەربژێری هەیە، لە کۆی بەربژێرانی پارتی کە 175 بەربژێرن، 20.5%ی بەربژێرانی حیزبەکە دەکەونە بازنەی سلێمانی.
 
یەکێتی 35 بەربژێری لە سلێمانی بۆ رکابەریی کورسییەکان داناوە، حیزبەکە بە کۆی گشتی 154 بەربژێری هەیە، واتە سلێمانی 27%ی کۆی بەربژێرانی یەکێتیی تێدا کۆبووەتەوە، ئەو ژمارانە دوای دوورخستنەوەی بەربژێرێکی یەکێتییە لە بازنەی سلێمانی بە ناوی لەیلا کەریم بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامە.
 
لەدوای پارتی و یەکێتی، رەوتی هەڵوێست زۆرترین بەربژێری هەیە، نیوەی کۆی بەربژێرانی رەوتەکە لە بازنەی سلێمانین، رەوتەکە 32 بەربژێری هەیە، 16 لە سلێمانی و 12 لە هەولێر و چوار بەربژێریش لە دهۆک.
 
پاش رەوتی هەڵوێست، نەوەی نوێ لە کۆی 43 بەربژێری حیزبەکە بۆ هەڵبژاردن، 12 بەربژێر لە سلێمانین، کە دەکاتە 27.9%ی کۆی بەربژێرانی حیزبەکە.
 
هەروەها بەرەی گەل بە 11 بەربژێر، یەکگرتوو بە 8 بەربژێر، کۆمەڵی دادگەری 5 بەربژێر و سۆسیالیست بە 4 بەربژێر رکابەری بۆ کورسییەکانی سلێمانی دەکەن، ئەمەش جگە لە چوار بەربژێری سەربەخۆ لە سنوور پارێزگاکە.
 
دەنگی حیزبەکان لەدوایین هەڵبژاردن و کورسییەکانیان
 
لە دوایین هەڵبژاردندا کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکرد، چەند لایەنێک توانیان کورسی لە سلێمانی مسۆگەر بکەن، بە کۆی گشتی لەو هەڵبژاردنەدا لە سنووری بازنەی پارێزگای سلێمانی 626 هەزار و 224 کەس دەنگیان دا، جگە لە پارێزگای هەڵەبجەش کە لەو هەڵبژاردنەدا 38 هەزار و 936 کەس دەنگیان دا.
 
بە کۆکردنەوەی دەنگی هەڵەبجە و سلێمانی بە هەژمارکردنی هەمان ژمارەی دەنگدانی خەڵک،دەردەکەوێت کورسییەکانی سلێمانی بەسەر 6 لایەن دابەش دەبێت.
 
دابەشبوونی کورسییەکان و هەژمارکردنی دەنگەکان بۆ کورسی بەپێی سانتلیگۆ دەبێ، دەنگی حیزبەکان دابەش دەکرێت رێژەکان کە 1.7 و 3 و 5 و ژمارە تاکەکانی دواتر دەگرێتەوە.
 
یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی سلێمانی 257 هەزار و 359 دەنگی بەدەستهێنا، لە هەڵەبجەش 12 هەزار و 530 دەنگی هەبوو، بە کۆی گشتی بووە خاوەنی 269 هەزار و 889 دەنگ، ئەو ژمارەی دەنگانە لە سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی دەکاتە خاوەنی 8 کورسی لە کورسییەکانی بازنەی سلێمانی بە دابەشکردنی کۆی دەنگ بەسەر1.7 و ژمارە تاکەکانی دیکە، لە نێو یەکێتیدا بە هەژمارکردنی ئەو بنەمایانە خاوەنی نزیکەی 18 هەزار دەنگ دەبێتە پەرلەمانتار و کورسی مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەو بەربژێرەی لەنێو حیزبەکە 15 هەزار دەنگیش دێنێت سەرناکەوێت بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
دوای یەکێتی نەوەی نوێ بە هەژمارکردنی دەنگەکانی لە هەڵەبجە و سلێمانی و بەپێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 141 هەزار و 179 دەنگی بەدەستهێنا،دابەشکردنی ئەو ژمارەی دەنگە بەپێی سانتلیگۆ دەیکاتە خاوەنی چوار کورسی لە بازنەی سلێمانی، لەنێو جووڵانەوەکە و بەپێی سانتلیگۆ هەر بەربژێرێک لە 20 هەزار دەنگ کەمتر بێنێت، کورسی مسۆگەر ناکات.
 
بەپێی دەنگەکانی دوایین هەڵبژاردن،پارتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە 62 هەزار و 856 دەنگی بەدەستهێنا، ئەو ژمارەی دەنگە بە دابەشکردنی بەسەر 1.7 و 3 دەیکاتە خاوەنی دوو کورسی لە سلێمانی، لەنێو پارتیدا هەر بەربژێرێک بیەوێت سەربکەوێت ئەگەر بنەمای هەمان ژمارەی دەنگ لەبەرچاوبگیرێت دەبێ زیاتر لە 20 هەزار دەنگ بێنێت.
 
هەروەها سیستەمی سانتلیگۆ و هەمان ژمارەی دەنگی دوایین هەڵبژاردن یەکگرتووش دەکاتە خاوەنی 2 کورسی بازنەی سلێمانی، دوو کورسییەکەی دیکەش بەر کۆمەڵی دادگەری و هەڵوێست دەکەوێت.
 
ئەو دابەشکارییەی کورسییەکان تەنیا بنەمای دەنگی لایەنەکانە لەدوایین هەڵبژاردندا،گۆڕانکاری و زیاد و کەمبوونەوەی دەنگی لایەنەکان پەیوەستە بە رێژەی بەشداری خەڵك و دەنگدانیان، چونکە ئەو دەنگدانە و رێژەکان گۆڕانکاری بەسەر ریزبەندی لایەنەکان دێنێت، هەروەها بەپێی یەریڤان سەعید ،لێکۆڵینڤان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رکابەرییەکە تووندتر بوو و رێژەی بەشداری گەیشتە ٪72 و زەحمەتە لە هەڵبژاردنی عێراق ئەوە دووبارە ببێتەوە.''
 
سێشەممە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و لە سێ بازنەی هەرێمی کوردستان، دەنگدەران 46 نوێنەر دەنێرنە پەرلەمانی عێراق،جگە لەو نوێنەرانەشی لە پارێزگاکانی کەرکووک،نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە دەچنە پەرلەمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە