رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکى پۆلیسی کەرکووک لەکاتى وەرگرتنى بەرتیل بۆسەى بۆ دادەندرێت و دەستگیردەکرێت. ئەفسەرەکە یەک ملیۆن دیناری لەبەرامبەر رادەستکردنی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لە بەرتیلدەرەکە وەرگرتووە.
رۆژی 3ى نیسانى 2024، عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژى سێشەممە 2ى نیسان ئەفسەرێکى پۆلیس لە کاتى وەرگرتنى بەرتیل بۆسەى بۆ دانراوە و بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە.
عامر شوانى گوتى، "ئەو ئەفسەرە لە بنکەى پۆلیسی دۆمیزە لە کەرکووک و دەستگیرکردنەکەشی هەر لە گەڕەکى دۆمیز بووە".
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى دەستەى دەستپاکى عێراق ئەو ئەفسەرە کاتێک دەستگیرکراوە کە ویستویەتى بە پارە دۆسیەیەکى لێکۆڵینەوە رادەستى هاووڵاتییەک بکات.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە، پۆلیسەکە پلەى عەقیدە و لەکاتى دەوامى فەرمى هەوڵى وەرگرتنى ئەو بەرتیلەى داوە، کە یەک ملیۆن دینار بووە.
ئەو ئەفسەرە بەگوێرەى مادەى 307ى یاسای سزادانى عێراقى دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە تاوانى بەرتیلوەرگرتن. سزاکەشى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن و پێبژاردنێک کە لەو بڕە پارەیە زیاتر نەبێت وەک بەرتیل وەریگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ