رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، لەگەڵ ئەوەن کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات، بەڵام دەشڵێت، ''ئامادە نین لەگەڵ واقیعی ئێستای یەکێتی هاوپەیمان بین.''
رۆژی دووشەممە، 03-07-2023 محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: ''پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ یەک لیستیی لایەنە کوردستانییەکانە، بەڵام هەندێک دۆخی نێوخۆیی تایبەت، رێگرە لەوەی کە کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات''.
دوای رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، ئیدارەى کەرکووک لەلایەن راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت کە زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان لێی ناڕازین و بە پارێزگارێکی سەپێندراو ناوی دەبەن.
محەممەد کەمال، دەڵێت: ''لایەنێکی کوردی، دەستی لە دانانی ئەو پارێزگارەدا هەبووە؛ ئەو لایەنە دەستی لە شێواندنی دۆخی کەرکووکیشدا هەبووە لە 16ـی ئۆکتۆبەردا و بێگومان هەر ئەو لایەنەش مامەڵە لەگەڵ راکان جبووریدا دەکات و بەو شێوەیەی کە ئێمە بایکۆتمان کردووە، ئەوان بایکۆتیان نەکردووە.''
بڕیارە 6ى تشرینى دووەمى 2023ى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بکرێت، تاوەکو ئێستا لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بەتایبەتی کەرکووک، بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژی شەممە، 01-07-2023وە، تۆمارکردنی لیستی هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکان دەستیپێکردووە و ماوەی یەک مانگ لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
کورد بە چەند لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کەرکووک ئەگەری بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە چەند لیست هەیە. لیستی پارتی لەگەڵ هەندێک لایەن، یەکێتی لەگەڵ هەندێک لایەن، لیستی ''هاوپەیمانیی گەل'' کە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی دروستی دەکات، لیستی نەوەی نوێ و هەروەها باس لەوە دەکرێت بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراقیش لیستی دەبێت.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک لەوبارەوە گوتی: ''ئەگەر بەو شێوەیە بێت و بەرهەم ساڵح، لاهوور شێخ جەنگی و ئەوانەی دیکە لیستیان بە جیا هەبێت، ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە ناتوانێت بە یەک لیست دابەزێت و پەرتەوازەبوونی ماڵی کورد نیشان دەدات.''
محەممەد کەمال جەخت لەوە دەکاتەوە، بەرژەوەندیی کوردە کە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات، ''ئەگەر نا بە دوو لیستیش باشە و زیانەکەی کەمترە، بەڵام ئەم هەموو لیستە ئەگەر لە کەرکووک هەبێت بۆ کورد مەترسیدارە و زیانێکی گەورەی پێ دەگات''.
سێسەممەی رابردوو، مەکتەبی رێخکستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان بەبێ بانگهێشتکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ 10 لایەنی کوردستانی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک لەوبارەوە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا بە لایەنە کوردستانییەکان گوتراوە، ئەگەر کورد نەیتوانی بە یەک لیستیش بەشدار هەڵبژاردن بێت، ''ئێمە نیگەران نابین ئەگەر لەگەڵ یەکێتیش دابنیشن، بەڵام باشترە [هاوپەیمانییەکان] لە دوو لیست زیاتر نەبن، ئەگەر کەسانێکیش لە یەکێتیدا خۆیان ناتوانن پێکەوە بگونجێن، ئەوە کێشەی ئێمە نییە''.
پارتی دەگەڕێتەوە کەرکووک
لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک بە ناچار کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد.
سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، محەممەد کەمال گوتی، لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە کراوە، هەوڵ بدەن بە ''زووترین کات'' بارەگاکانیان بگەڕێننەوە کەرکووک، ''چونکە بەڵێنمان بە جەماوەری خۆمان داوە کە دەگەڕێینەوە و ئێستاش تەنیا وەکو بارەگا لە کەرکووک نەماوین ئەگەرنا کادیرەکانمان لە نێو خەڵکی خۆمانن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ