کارەبای 45%ی سەنتەری دهۆک 24 کاژێرییە؛ 175 موەلیدەش کوژێندراونەتەوە

03-07-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک رایدەگەیەنێت، 45%ی ناوەندی شاری دهۆک خراوەتە نێو پڕۆژەی "رووناکی" و کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، بەهۆیەوە 175 موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە. پێشبینی دەکات لە ماوەی کەمی داهاتوودا سەرجەم کارەبای هاوبەشان لە سەنتەری دهۆک بکرێتە 24 کاژێری.
 
ئەندازیار حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی دۆخی کارەبا و لە دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی کرد و گوتی: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە 21 هەزار هاوبەشی نوێمان خستووەتە نێو پڕۆژەکەوە، بەمەش کۆی گشتیی هاوبەشانی سوودمەند لە کارەبای 24 کاژێری گەیشتووەتە 52 هەزار و 100 هاوبەش."
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک، پڕۆژەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی بارگرانیی تۆڕەکان هەبووە. "لەو گەڕەکانەی کەوتوونەتە نێو پڕۆژەکەوە، گرفتی بارزۆری لەسەر فیدەرەکان 35% کەم بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە کێشەی کوژانەوەی کارەبا کەمتر بێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی کارەبای دهۆک پێیوایە پرۆژەکە سوودی زۆریشی بۆ ژینگەی شارەکە هەبووە و دەڵێت: "پێشتر لە ناوەندی شاری دهۆک زیاتر لە 400 موەلیدە هەبوون، ساڵانە زیاتر لە 400 هەزار تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن فڕی دەدرایە ژینگەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە 175 موەلیدە کوژاونەتەوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 146 هەزار تۆن گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کەمتر دەچێتە هەواوە."
 
سەبارەت بە پلانی داهاتوو، ئەندازیار حازم محەممەد گوتی: "بەگوێرەی پلان، بڕیارە تاوەکو 31-12-2025 تەواوی ناوەندی شار بخرێتە نێو پڕۆژەکەوە، بەڵام ئێمە لە کارەکانمان پێشخشتنمان کردووە. بۆ نموونە ئەو 21 هەزار هاوبەشەی کە سەرەتای ئەم مانگە خرانە نێو پڕۆژەکەوە، پلان وابوو تاوەکو مانگی ئەیلوول پرۆژەکە بیانگرێتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەین زۆر زووتر تەواوی شارەکە بگرێتەوە."
 
لە پارێزگای دهۆک 354 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، کە 118 هەزاریان لەنێو شاری دهۆکن. پشکی کارەبای پارێزگاکە و ئیدارەی زاخۆ رۆژانە 570 مێگاواتە، بەڵام لە هاویندا پێویستییان بە نزیکەی 1000 مێگاواتە.
 
لەبارەی وزەی جێگرەوە و سوودبینین لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، جێگری بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک گوتی: "بڕیارە کۆمپانیایەک پڕۆژەیەکی 150 مێگاواتیی وزەی خۆر جێبەجێ بکات، هەروەها  200 هاوبەشمان سیستمی وزەی خۆریان داناوە، ئەو کارەبایەی لێیان زیادە تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت و لە بەرامبەر قەرزی کارەبا لێیان دادەشکێندرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.