رەوشی دوای کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر؛ "گەشتەکان ئاسایین"

03-07-2025
مالیک محەممەد
دیمەنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەی ئەمشەوی هەولێر.
دیمەنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەی ئەمشەوی هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە. هاوکات شوێنێکی نزیک فڕۆکەخانەی کەرکووک بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج.
 
ڤەژین موراد، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: "شایەتحاڵێک پێی راگەیاندین، پێش کەوتنەخوارەوەی تەنەکە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە فڕۆکەخانەی هەولێر لێدرا و دواتر تەنەکە خرایە خوارەوە."
 
شایەتحاڵەکان بە پەیامنێری رووداویان گوت: "لەگەڵ کەوتنی تەنەکە، دەنگێکی گەورە بیسترا. تەنەکەش لە نزیک فڕۆکەخانە کەوتووەتە خوارەوە."
 
بە قسەی شایەتحاڵەکان، درۆنەکە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر خراوەتە خوارەوە.
 
 
بەگوێرەی خشتەی گەشتەکان لە ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کاژێر 23:45ـی شەو، گەشتێکی تورکیش ئێیەرلاینز لە ئیستەنبووڵەوە بۆ هەولێر هەڵوەشاوەتەوە.
 
لەبارەی هەڵوەشانەوەی گەشتەکان، لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل بە رووداوی راگەیاند: "هیچ گەشتێک هەڵنەوەشاوەتەوە و سەرجەم گەشتەکان ئاسایین، کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە هیچ کاریگەری لەسەر گەشتەکان نەبووە."
 
 
دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کاژێر 9:58ی شەو "درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە".
 
راگەیێندراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە و "دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە."
 
کەرکووکیش کەوتەوە بەر هێرشی درۆن
 
هەر ئەمشەو هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، "درۆنێک لە پشت گەڕەکی بەدر کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی ئازادی کەوتووەتە خوارەوە، کە درێژییەکەی نزیکەی مەترێک و 80 سانتیم بووە و پانییەکەی مەترێک بووە."
 
شوێنی کەوتنی درۆنەکە لە نێوان فڕۆکەخانەی سەربازیی ئازادی و فەرماندەی فەوجی حەشدی شەعبی بووە.
 
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، "ئاراستەی فڕۆکەکە لە باشووری کەرکووکەوە بووە. هێزەئەمنییەکان دەڵێن، ئامانجی درۆنەکە لێدان بووە لە فڕۆکەخانەکە."
 
هیوا حوسامەدین گوتی: "درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا کەمێک لە پووش و پاوانی دەوروبەری شوێنی کەوتنەکەی سووتاندووە."
 
 
تاوەکو ئێستا بکەر و سەرچاوەی ئاراستەکردنی ئەو درۆن و مووشەکانە نادیارن.
 
دوێنێ چوارشەممە، مەهدی کەعبی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی لە بزووتنەوەی نوجەبا بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەک بزووتنەوەی نوجەبا، بە هیچ شێوەیەک بەشدار نین لەم هێرشانەی ئەم دواییانە کە بە مووشەک و درۆن دەکرێن."
 
لە لایەکی دیکەوە و هەمان رۆژ، محەممەد بەیاتی، کە بەرپرسی رێکخراوی بەدرە لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "هیچکات حەشدی شەعبی و بەدر هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە نادەن، بەتایبەتی لەم ساتە هەستیارەدا. خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین و خاوەن ماڵیش زیان لە ماڵی خۆی نادات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.