بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە

04-09-2025
سینا سۆما
سووتانی دارستانێکی مەریوان.
سووتانی دارستانێکی مەریوان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵیش بەهۆی ئاگرکەوتنەوە رووبەرێکی زۆری دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوچوون. ژینگەپارێزان هۆشداری لە بچووکبوونەوەی رووبەری دارستانەکان دەدەن. 
 
مەسعود محەممەدی، ژینگەپارێز لە سەلاسی باوەجانی دەڵێت: "ئەگەر دارستان و داربەڕووەکان نەبن، ئەم شاخ و بەردانە خۆیان ناگرن لێرە. هەرەس دەهنێنن و دەچنە خوارێ و لافاو دروست دەبێت. ئێستا لە ناوچەکانی زاگرۆس پلەی گەرما بەرز بووەتەوە. هۆکار چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە داربەرووەکان دەسووتێن. داربەرووەکان و گیانلەبەران وەکو زنجیرەیەکی پێکەوە گرێدراون و هەر کامیان نەبێت، ئەوی دیکەش نابێت."
 
بەشێکی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە. بەڵام بەشێکی دیکەیان مرۆڤی لە پشتە، کە ئەوەش یان بەهۆی کەمتەرخەمی هاووڵاتییانە و یانیش بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکان بەردەدرێت.
 
مەسعود محەممەدی، ژینگەپارێز لە سەلاسی باوەجانی باس لەوە دەکات: "چی روودەدات کاتێک بە ئەنقەست ئاگر بەردەدرێتە دارستانەکان و داربەڕووەکان. ئەمە بە ئەنقەست دەکرێت. ئەو کەسانەی ئاگر بەردەدەنە دارستانەکان بکوژی ژینگە و ژینگەپارێزانن. بکوژی دارستانەکانی زاگرۆسن، بکوژی گیانلەبەر و بوونەوەرەکانن."
 
بە پێی ئامارەکان، ئەم ساڵ لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە دوو هەزار و 774 هێکتار دارستان سووتاوە. لە سنە هەزار و 800 هێکتار، لە لوڕستان 646 هێکتار، لە ئیلام لانیکەم هەزار و 200 هێکتار و لە پارێزگای ورمێش کە کەمترین رووبەری دارستانی لێیە، نزیکەی 400 هێکتار دارستان سووتاوە.
 
یاسر نووری، ژینگەپارێز لە جوانڕۆ ئاماژە بەوە دەدات: "ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس لێکەوتەی ژینگەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتی وێرانکەری هەیە، وەکو لەنێوچوونی گیا و دەوەنی جۆراوجۆر و هەموو جۆر لە زیندەوەرەکانی دیکە. لەدەستدانی سەرچاوە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و چڕبوونەوەی وەرینی خاك و دروستبوونی لافاو."
 
ژینگەپارێزان نیگەرانن لە لەنێوچوونی دارستانەکان و دەڵێن، کاریگەرییە خراپەکانی لە درێژماوەدا کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
 
یاسر نووری دەڵێت: "ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان گەورەترین کارەساتی ژینگەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو لێدەکەوێتەوە. لەنێوبردنی داربەرووەکان کە هەزاران ساڵ دەخایەنێت بۆ ئەوەی گەشە بکەن، بە واتەی لەدەستدانی سامانی سرووشتی بۆ نەوەکانی داهاتووە."
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی ئێران، رۆژانە لە نێوان 500 تاوەکو 600 هێکتار لە رووبەری دارستانەکانی ئەو وڵاتە لەناودەچن. 
 
لە 80 ساڵی رابڕدوودا نزیکەی 7 ملیۆن هێکتار لە رووبەری دارستانەکانی زاگرۆس لەناوچووە و ئێستا تەنیا 6 ملیۆن هێکتاری لێ ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.