رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، باجیان لەسەر هاوردەکردنی خەیار، کوولەکە، پیاز، تەماتە، ترۆزی، باینجان و قۆخ هەڵگرتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەنار و ترێ و پەتاتەی نێوخۆ ماوە و هاوردەکردنی باجی لەسەرە.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 04-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 1ی ئەم مانگەوە باج لەسەر هاوردەکردنی خەیار، کوولەکە، پیاز، تەماتە، ترۆزی، باینجان و قۆخ هەڵگیراوە."
هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە کاتێکدایە، زۆرینەیان بەرهەمی نێوخۆییان نەماوە یان لە کۆتاییدان. ئامانجی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لابردنی باجەکە ئەوەیە، نرخیان بەرز نەبێتەوە.
رزگار حەمەد دەڵێت، زۆربەی ئەو بەرهەمانەی باجیان لەسەر لابراوە لە کۆتایی پاییزدا ئامادەکاری بۆ چاندنەوەیان دەکرێتەوە بۆ بەهاری داهاتوو؛ دواتر لە 15ی نیسانەوە زۆرینەی بەرهەمەکان پێدەگەن.
تاوەکو ئەمڕۆ ترێ، هەنار و پەتاتەی نێوخۆ ماون و پێداویستیی هەرێمی کوردستان پڕدەکەنەوە، بۆ ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی باخەوان و جووتیاران هاوردەکردنیان باجی لەسەرە.
ئێستا هەرێمی کوردستان چەند بەرهەمێکی دیکەی پێگەیشتوون و زیاترن لە پێداویستیی نێوخۆ و بەشێکیان رەوانەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن. راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، ئێستا بەرهەمە گەڵاییەکانی سڵق، کەلەرم، کاهو، توور، شێلم و قەڕنابیتی نێوخۆ لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ