رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر باشترکردنی گوزەرانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها حکومەتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بە رێکوپێکی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە عێراق وەربگرن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندی یاوەری. لە دیدارەکەدا گرنگترین دۆسیە و پرسەکان لە ئاستی نیشتمانی تاوتوێکران، لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "حکومەت سوورە لەسەر باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. حکومەت هەروەها سوورە لەسەر ئەوەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە رێکوپێکی مووچەی خۆیان وەربگرن، هاوشێوەی تەواوی هاووڵاتیانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی ئاماژەی داوە بەو رێککەوتنانە کە لەوبارەوە کراون و جەختی لە پێویستی پابەندبوون پێیانەوە کردوەتەوە.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بووە و سوودانی رایگەیاندووە، حکومەت هاوکاری تەواوی پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە شوباتی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ 04-12-2023 فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 9یان وەرنەگرتووە. هێشتا حکومەتی عێراق دوایین 700 ملیارەکەی رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکردووە بۆ دابەشکردنی مووچە، لەکاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق مووچەی مانگی 11یان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ