سوودانی لیژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت

04-12-2023
نەهرۆ محەممەد
کۆبوونەوەی شاندی یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرکردایەتیی سەڵاحەدین بەهادین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی شاندی یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرکردایەتیی سەڵاحەدین بەهادین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی راگەیاندووە، لیژنەیەکیان بە مەبەستی هەمواری بودجە بە تایبەت بۆ چارەسەریی ریشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهێناوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کە ئەندامی شاندەکە بوو رۆژی دووشەممە، 04-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کرد، کە چۆن دەرچەیەک بدۆزرێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، هاوکات گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
د. جەمال کۆچەر کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیشە لە پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە،  محەممەد شیاع سوودانی راگەیاند،ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە لە راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پێکهاتوون بۆ هەموارکردنی یاسای بودجە بۆ دوو بابەتی سەرەکی، یەکەم، دەستکاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەک رەچاوی هەرێمی کوردستان بکرێت، لە عێراق بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوت بە 8 دۆلار دانراوە، بەڵام تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان جیاوازە، وەزارەتی نەوت بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان پارەیەک دیاری دەکات و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بزانن تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە ئەوە دابنرێت. دووەم، سوودانی جەختی لەوەکردەوە، هەوڵدەدەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە ببەنە سەر خەرجی حاکیمە، بەمەش کێشەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر دەبێت. 
 
هاوکات، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو هاوکات ئەندامی شاندی یەکگرتوو بوو لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لە کاتی بەشداری کردنی بووڵتەنی کاژێر 08:00 ئەمشەو جەختی لە پێکهێنانی لیژنەکە کردەوە و گوتی بڕیارە ئەو لیژنەیە رێکارەکان بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی داهاتوو ئامادە بکات کە ئەمەش چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکات. 
 
موسەننا ئەمین باسی لەوەش کرد، ئەوان بۆ هەڵمەتێک هاتوون لەسەر حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە کێشە دروست نەکەن لە بەردەم مووچەی فەرمانبەران، هەروەها گوتیشی، "[بە عێراقمان] گوتووە هەر کێشەیەک لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستنەکردنی داهات و شتی دیکە هەیە ئێمە لەگەڵی نین و نابێت بکرێتە کێشە لە بەردەم مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان." 
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، "لیژنەکە کۆبوونەوەیەکی کردووە، دوو رۆژی دیکە کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکات و سوودانی داوای لێکردووم منیش ببمە ئەندامی لیژنەکە، وەک ئەندامی لیژنەی دارایی." 
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر سوودانی باسی لەوە کردووە، "ئاڵنگاری زۆرە، هەندێک لەو 700 ملیار دینارەش ناڕازیین کە رەوانەی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام  من کۆژانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باش دەزانم، بابەتەکەم بە جدی وەرگرتووە  و رەچاوی خەڵکی کوردستان دەکەم."
 
فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 9 یان وەرنەگرتووە لە کاتێکدا نزیکەی سێ مانگ بەسەر وادەی دابەشکردنەکەی تێپەڕیوە، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی 11 وەرگرتووە.
 
بابەتێکی دیکە کە باسکرا پرۆژەیاسایەک بووە لەبارەی زیندانی سیاسی و ئەنفالکراون و قوربانییانی هەڵەبجە، کە لە ئەنجوومەنی ئیدارەی دەوڵەتە، جەمال کۆچەر باسی لەوەکرد کە داوایان لە سوودانی کردووە بەبۆنەی 16-03  لە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دوو کاربکات یەکەم: یاساکە لە ئەنجوومەنی ئیدارەی دەوڵەت بهێنێتە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات. دووەم: لە 16-03 سەردانی هەڵەبجە بکات.
 
هەروەها باسی مووچەی شەهید و زیندانی سیاسی کراوە کە مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیوەی بەغدایە، ئەوەش وەک جەمال کۆچەر باسی کرد، مافێکی دەستوورییە کە هەمووان وەک یەک بن. گلەیی ئەوەشیان لە سوودانی کرد کە وەزیر ناوخۆی عێراق رێگەی نەداوە مامۆستایانی خۆپێشاندەری هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و لەوێ خۆپێشان بکەن، کە "ئەمە دژی مافی ئازادی رادەبڕینە." 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاندی یاوەری. لە دیدارەکەدا گرنگترین دۆسیە و پرسەکان لە ئاستی نیشتمانی تاوتوێکران، لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری لە پارێزگاکان.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، "حکومەت سوورە[رژدە] لەسەر باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. حکومەت هەروەها سوورە لەسەر ئەوەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە رێکوپێکی مووچەی خۆیان وەربگرن، هاوشێوەی تەواوی هاووڵاتیانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق." 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی ئاماژەی داوە بەو رێککەوتنانە کە لەوبارەوە کراون و جەختی لە پێویستی پابەندبوون پێیانەوە کردووەتەوە. 
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بووە و سوودانی رایگەیاندووە، حکومەت هاوکاری تەواوی پێشکێشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە شوباتی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: د. دلاوەر ئاژگەیی و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکەن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.