ژینگەپارێزیی هەولێر: هەر کارمەندێکمان بۆ جەژنانە خەڵک بێزار بکات، سزادەدرێت

05-06-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، هیچ هاووڵاتیەک ناچار نییە جەژنانە بدات بە ژینگەپارێزان، هەر ژینگەپارێزێک خەڵک بێزار بکات؛ سزادەدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 05ـی حوزەیرانی 2025، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز، بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتیەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی دیکە بدات بە ژینگەپارێزان".
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: "زۆرێک لە سواڵکەران بەناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژنان لەنێو کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ جەژنانە، هیچ پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە، ئەگەر هاووڵاتیان نیازی هاوکاری و جەژنانەیان هەیە بۆ کرێکارانی شارەوانی، بیدەن بەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان لەگەڵە".
 
بە گوتەی ژیار جەلال، "هەر ژینگەپارێزێک هاووڵاتیان بێزار بکات و کارێکی نەشیاو بکات [بەزۆر وەرگرتنی پارە، دیاریکردنی بڕەکەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگا و تەنەکەی خۆڵی ماڵان، یان زبڵ هەڵنەگرتنەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدا] و داوای پارەی جەژنانە بکات، هاووڵاتی دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارەی سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیەوە بکەن تاوەکو کارمەندەکانیان سزا بدرێن بە پێبژاردنەوە یاخود لادان لە کار".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، هەزار و 227 ژینگەپارێز لە پارێزگای هەولێر کاردەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە