رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، هەوڵی باش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە دراوە لەکاتی کۆچکردندا لە لیبیا گیریان خواردووە. راشیگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە قاچاخچییانی کۆچبەرانیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-10-2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی یەکەمین دیدرای پەیماننامەی جیهانیی کۆچ کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجان کرد و رایگەیاند، ''ئەوەی دەبێتە هۆی کۆچکردنی گەنجانمان، بەدەر لە ئیرادە و بڕیاری خەڵکی کوردستانە و پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە.''
''دواخرانی مووچە پاڵنەرە بۆ کۆچکردنی گەنجان''
وەزیری ناوخۆ وەک یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجان ئاماژەی بە '''گوشارە سیاسی و ئابووری''یەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''کاتێک شاندی وڵاتان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش پارێزراو بن.''
رێبەر ئەحمەد دەڵێت: ''نابێ چی دیکە بە هیچ پاساوێک، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دوا بکەوێت. ئەوە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە، بەڵام بەداخەوە پرسی مووچە بووەتە بابەتێکی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن.''
''کاری باشمان بۆ گەڕاندنەوەی گەنجانی کورد لە لیبیا کردووە''
ساڵانە قاچاخچییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیا، ئوردن، میسر و وڵاتانی دیکەوە دەگەیێننە لیبیا، بۆ ئەوەی لەوێوە لە رێگەی دەریاوە بچنە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام زۆربەیان دەستگیر دەکرێن.
وەزیری ناوخۆ گوتی: ''ئێمە بەرپرسین بەرامبەر بە هاووڵاتییانی خۆمان، چی لێرە و چی لە دەرەوەی وڵات. هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەوانەی لە لیبیا دەستگیرکراون، بگەڕێندرێنەوە.''
وەک رێبەر ئەحمەد گوتی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، کاری ''زۆر باش"یان بۆ گەڕاندنەوەی گەنجانی کورد کردووە.
رۆژی 10ـی ئەیلوول، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، 25 گەنجی کورد دوای ئازادکردنیان لە لیبیا، گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
''لە کوردستان قاچاخچیی کۆچبەران دەستگیرکراون''
رێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، بە سوودوەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی زیانیاری لەگەڵ وڵاتان، توانیویانە بەشێکی زۆر لە تۆڕەکانی قاچاخچیێتی دەستنیشان بکەن و هەڵیانبوەشێننەوە.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، بەشێکی زۆری ئەو قاچاخچییانە دەستگیرکراون و ''ئەو نووسینگانەش کە پارە بۆ قاچاخچییەکان حەواڵە دەکەن، داخراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر. بەگشتی دیاردەی قاچاخچێتیمان لە هەرێمی کوردستان کەم کردووەتەوە.''
بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، بەشێک لە قاچاخچییەکانی هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی دیکە درێژە بە گواستنەوەی کۆچبەران دەدەن، ''سەبارەت بەو بابەتەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا لە هاوئاهەنگیی تەواوداین، بۆ ئەوەی چالاکییەکانیان سنووردار بکرێن.''
''پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت''
رێبەر ئەحمەد لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ئاوارەکان بەتایبەتی کوردانی ئێزدی کرد و گوتی، ''پرسی ئاوارەکان بووەتە کێشەیەک کە حکومەتی فیدراڵی وەکو پێویست هەنگاوی بۆ چارەسەرکردنی نانێت.''
وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی جدی کار لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال نەکراوە، ''بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، پێویستە شنگال ئاوەدان بکرێتەوە، گروپە چەکدارەکانی بەدەر لە یاسا لە ناوچەکە دووربخرێنەوە، هەروەها دەشتی نەینەواش بۆ کریستیانەکان ئارام و سەقامگیر بکرێتەوە.''
پێنج ساڵ دوای رزگارکردنی شنگال لە دەستی داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020، رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە واژۆکرد.
رێککەوتنەکە دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزاکە، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەخۆدەگرێت.
بەڵام لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا و ملکەچنەبوونی گرووپە چەکدارەکان، جێبەجێ نەکراوە.
بانگەشەی هەڵبژاردن
لە رۆژی هەینی 03-10-2025ەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکردووە کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.رێبەر ئەحمەد دەڵێت، ''هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی پێویستە و هەنگاوێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.''
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد، پابەندی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنی بن. رێز لە یەکدی بگرن و خۆ لە یەکدی شکاندن ببوێرن.
زیاتر لە دوو هەزار و 200 بەربژێر لە کۆی 7768 بەربژێری پەسندکراو لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، ئافرەتن. رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی شکۆی بەربژێرانی ئافرەت کرد و گوتی، ''نابێ هیچ کەس هەوڵی شکاندنی کەسایەتییان بدات یان بیەوێت رۆڵیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کەم بکاتەوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ