حکومەت: بەغدا بەشە نەوتی ماڵان بنێرێت پرۆسەی دابەشکردنی خێراتر دەبێت

05-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 300 هەزار خێزان نەوتییان وەرگرتووە؛ لە هەولێر 105 هەزار خێزان، سلێمانی و هەڵەبجە 120 هەزار خێزان و لە دهۆکیش 80 هەزار خێزان نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی رابردووەوە کە دابەشکردنی نەوتی دەستپێکردووە، تاوەکو ئەمڕۆ 305 هەزار خێزان لێی سوودمەند بوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێر، 105 هەزار بەرمیل، لە سلێمانی و هەڵەبجە 120 هەزار بەرمیل و لە دهۆکیش 80 هەزار بەرمیل نەوت دابەشکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی عێراق ساڵانە 50 پەنجا ملیۆن لیتر نەوت وەک بەشی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام ساڵی رابردوو 28 ملیۆن لیتری ناردووە. بۆ ئەمساڵیش لە نێوەڕاستی مانگی 11 دەست بە دابەشکردن دەکەن و ئەگەر بەشی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی بگات پڕۆسەی دابەشکردنەکە خێراتر دەکرێت.
 
کۆتایی مانگی رابردوو دابەشکردنی نەوت لە هەردوو سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوت لە شارەکانی هەولێر و دهۆک رانەگەیێندراوە.
 
بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیترە، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد، کە لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنەکە لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ بەردەوام بوو.
 
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوت دابەشکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە