رووداو دیجیتاڵ
رێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی جەماوەری فراوانی بۆ ژمارەیەک لە ئەندام و کادرانی پارتی لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد. باسی دیدی سەرۆک بارزانی و رێنوێنییەکانی کرد بۆ بەربژێرانی پارتی کە پێویستە دوای دەرچوون "ببنە نوێنەری خەڵکی بەشخوراو و داکۆکی لە مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بکەن."
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، رێبەر ئەحمەد، کە هاوکات وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە باسی بایەخی بەهێزیی پارتی لە بەغدا کرد بۆ "داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی بە گرنگ بۆ پێداگیری لە راستکردنەوەی پێشێلکارییە دەستوورییەکان بەرامبەر مافەکانی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و مادە دەستوورییەکانی دیکە کە دەبنە هۆکاری هێنانە کایەوەی عێراقێکی فیدراڵ و سەقامگیر بۆ هەموو هاووڵاتییان."
رێبەر ئەحمەد، باسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کرد کە "سەرەڕای هەموو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و بڕینی بودجە، توانراوە بەشێکی گرنگی کێشە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان وەکو کارەبا و ئاوو رێگاوبان چارەسەر بکرێن و پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە لافاو و گلدانەوەی ئاو بۆ پاڵپشتی کشتوکاڵ و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە، "ئەوەی هاتووەتە دی، بەرهەمی ماندووبوونی خەڵکی کوردستان و پێشڕەوایەتی پارتی و سەرۆک بارزانیە. بۆیە هاووڵاتیان ئەمڕۆ لە هەر کاتێک زیاتر لەو راستییە گەیشتوون کە بەهێزبوونی پارتی واتا بەهێزبوونی کوردستان و زیادبوونی خزمەتگوزاری و گەشەکردنی ئابووری و پتەوکردنی زیاتری ئەمنیەت و دلێربوونی زیاتری دەنگی کوردستان لە بەغدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ