خوێندکارێکی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

05-12-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی دانیشتووی گەرمیان کە خوێندکار بوو لە قۆناخی چوارەمی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 05-12-2023، ژیرۆ تەها حوسێن، خوێندکاری قۆناخی چوارەمی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی، لە نزیک نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئۆتۆمبێل لێی دا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دکتۆر بەختیار رەشید، پزیشکی پسپۆڕی دادی لە دادپزیشکی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی ژیرۆ تەها براوەتە دادپزیشکی و دوای رێکارە زانستی و کارگێڕییەکان رادەستی خێزانەکەیان کردووەتەوە.
 
ژیرۆ تەها خەڵکی سنووری گەرمیانە و لە زانکۆی سلێمانی خوێندکار بوو. سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکار، هاوڕێیان و مامۆستاکانی ژیرۆ تەها کرد. 
 
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی رایگەیاندووە، "داوا لە شۆفێران دەکەین پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و لەنزیک کەمپەکانی زانکۆ، قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان رەچاوی پەڕینەوەی هاووڵاتییان بەگشتی و خوێندکاران بەتایبەتی بکەن، بۆ ئەوەی رووداوی وەها دڵتەزێن چەند بارە نەبێتەوە."
 
هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دڵگران و خەمبار بووین بە هەواڵی گیانلەدەستدانی ژیرۆ تەها، خوێندکاری قۆناخی چوارەمی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی کە بە رووداوی هاتووچۆ لە شاری سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا. بۆ ئەم کۆستە خەمناکە پرسە و سەرەخۆشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاراستەی خۆمان و زانکۆی سلێمانی و بنەماڵەکەی و هاوڕێکانی دەکەین."
 
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی سلێمانی بۆ رووداو، شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ نزیکەی 400 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگاکەدا روویانداوە، لە ئەنجامیاندا 68 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 814 کەسیش بریندار بوون.
 
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا؛ لەو ژمارەیە 438 رووداوی شێلان هەبوو و لە ئەنجامی کۆی رووداوەکان 445 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.