کوردستان
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، 60 هەزار قوتابیی سووری کە بەشێکیان کوردی رۆژئاڤان، دابەشی سەر هەزار قوتابخانەی هەرێمی کوردستان کراون. وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 140 قوتابخانەی هەرێمی کوردستان دراونەتە ئاوارەکانی عێراق و 191 هەزار قوتابی تێیاندا دەخوێنن.
دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025 سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ساڵانە لە وەرزی هاویندا چەندین کۆبوونەوە بۆ رێکخستنەوەی میلاک و دابەشکردنەوەی مامۆستایان و وانەکان سەرلەنوێ؛ ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچە و نەخۆشیی ساڵانەیان هەیە، لە هەموو پەروەردەکان دەکرێن. ساڵنامەی خوێندن دادەنرێت و وانەکانیش بەسەر مامۆستایان دابەش دەکرێن."
21ی ئەیلوول وەرزی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. سامان سیوەیلی گوتی، "ئەم ساڵ 157 هەزار و 500 قوتابیی پۆلی 1ی بنەڕەتی تۆمار کراون."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، حکومەتی عێراق هیچ کۆمەک و هاوکارییەکی هەرێمی کوردستان ناکات لە سێکتەری پەروەردەدا. گوتیشی، "لە کابینەی مستەفا کازمییەوە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراقی - چینی بڕیار درا 3000 قوتابخانە بۆ عێراق دروست بکرێن، ئەوکات شاندێکی وەزارەتی پەروەردە چوون و داوایان کرد لە هەر 1000 قوتابخانە، 150 قوتابخانە بەپێی رێژەی دانیشتووان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێن، بەڵێنیان دا بەڵام جێبەجێیان نەکرد."
بە گوتەی سامان سیوەیلی، 191 هەزار قوتابیی ئاوارەی عێراق لە 140 قوتابخانەی هەرێمی کوردستان دەخوێنن. گوتیشی، "ئەمەش گوشاری بۆ خوێندنگەکان دروست کردووە، داوامان لە سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی کردووە 15 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە دابین بکات، بە زارەکی رەزامەندی دەدەن، بەڵام جێبەجێی ناکەن."
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 7000 قوتابخانە هەن. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2019ـەوە تاوەکو ئێستا 2114 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە، 245 قوتابخانە دروست کراون، کە 28ـیان لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دەکرێنەوە."
بەشێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان سێ دەوامین. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سامان سیوەیلی دەڵێت، "پێویستمان بە هەزار باڵەخانەی دیکەیە، تاوەکو دەوامی قوتابخانەکان ببێتە یەک دەوام؛ ئێستا 11 قوتابخانە سێ دەوامین، کە پێشتر زۆر زیاتر بوون، بەڵام بەپێی پلانەکانی وەزارەتی پەروەردە زۆربەیان چارەسەر کران."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کرد، 60 هەزار قوتابیی سووری کە بەشێکیان کوردی رۆژئاڤان، دابەشی سەر هەزار قوتابخانەی هەرێمی کوردستان کراون، ئەمەش گوشاری لەسەر قوتابخانەکان دروست کردووە.
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 5088 مامۆستای گرێبەست کرانە هەمیشەیی. سامان سیوەیلی گوتی، "38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کراونەتە گرێبەست، بۆ ئەوەی بکرێنە هەمیشەیی، دەبێت بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان باش بێت؛ 143 هەزار مامۆستا لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن، هەر کاتێک بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەبار بێت، ئەوانیش دەکرێنە هەمیشەیی."
1400 مامۆستای وانەبێژ لادراون. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو مامۆستایانە گوتی، "فۆرمێکمان بەسەر پەروەردەی قەزاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشکردووە و داوامان کردووە، ئەو مامۆستایانەی لادراون، فۆرمەکە پڕبکەنەوە و هۆکاری لادانەکانیان بنووسن. هەموویان لادراو نین، هەندێکیان خۆیان وازیان هێناوە و کاری باشتریان دەستکەوتووە، هەندێکی دیکەشیان مۆڵەتی دایکایەتییان وەرگرتووە. دەبێت ناوی سیانی، هۆکاری لادان و شارەزایی لە فۆرمەکاندا پڕبکەنەوە."
سامان سیوەیلی دەڵێت، "دوای پڕکردنەوەی فۆرمەکان، ئەو مامۆستایانە بەپێی پێشینە و شارەزایی دادەمەزرێن. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک هەشت ساڵ وانەبێژ بووبێت و یەکێکی دیکە دوو ساڵ، پێشینە بۆ ئەو مامۆستایە دەبێت کە هەشت ساڵ وانەبێژ بووە. هەر شارەزاییەکیش لە ناوچەکان پێویست بێت، ئەوان دادەندرێن."
سەبارەت بە خانەنشینبوونی مامۆستایان، سامان سیوەیلی گوتی، "7500 مامۆستای وەزارەتی پەروەردە خانەنشین بوون، ئەمەش هەندێک گرفت و بۆشایی بۆ دروستکردین، بەڵام ئێمە میلاکمان رێکخستبووەوە، بۆیە چارەسەرکرا. پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بگاتە 11 هەزار مامۆستا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ