بڕیاری نوێی کۆمیسیۆن؛ بەربژێرێکی کورد بە پێنج ملیۆن دینار سزادرا و دوو سکاڵا لە دژی سوودانی رەتکرانەوە

06-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێرێکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدات. هەروەها دوو سکاڵا لە دژی محەممەد شیاع سوودانی و لیستەکەی رەتدەکاتەوە و، دوو بەربژێری دوورخراوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ لیستەکانیان.
 
ئەو بڕیارانەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکرانەوە.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری داوە غالیب محەممەد عەلی، بەربژێری لیستی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە بازنەی سلێمانی بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا بدرێت، سزاکە بەهۆی پێشێلکردنی مادەی 32 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و مادەی 13ی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە. 
 
مادەی 32ی یاسای هەڵبژاردن تایبەتە بە چەواشەکردنی دەنگدەر و بەکارهێنانی شێوازی بریندارکەر و ناوزڕاندن لە دژی رکابەرەکان. مادەی 13ی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش تایبەتە بە قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و بەکارهێنانی شێوازى ناوزڕاندن.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، یاسیر حوسێنی، بەربژێری لیستی خەدەماتى لە بابل بە پێنج ملیۆن دینار سزاداوە، بەهۆی پێشێلکردنی چەند مادە و بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردن و رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کە تایبەتن بە ناوزڕاندن و گوتاری تائیفەگەری.
 
دوو بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتە بە گەڕاندنەوەی بەربژێران لەدوای دوورخستنەوەیان. ئیبراهیم هادی لە لیستی رێکخراوی بەدر لە بابل، لەگەڵ ئیبراهیم حەبیب لە هاوپەیمانی ئەبشیر یا عێراق لە هەمان پارێزگا گەڕێندراونەتەوە بۆ لیستەکانیان.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تاوەکو ئەمڕۆ، 6ی تشرینی دووەم، 848 بەربژێر دوور خراونەتەوە و ئێستا ژمارەی بەربژێران گەیشتووەتە 7744 کەس.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران چوار سکاڵا لە دژی لیست و بەربژێران و لیستە جیاوازەکان رەتکردووەتەوە کە دوانیان لەدژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و لیستەکەی بووە.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێت. بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەشتی هەمان مانگ رادەگیرێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە