رووداو دیجیتاڵ
لە شەوی رابردووەوە بەهۆی رەشەباوە بەشێکی سلێمانی بێ کارەبایە. سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێت، ئامادەنین کار بە موەلیدەکانیان بکەن.
بەهۆی رەشەباوە لە شەوی رابردووەوە لەنێو سلێمانی 19 فیدەر و لە دەرەوەی شار 6 فیدەر کێشەیان بۆ دروستبووە. ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەبا لە چەند گەڕەکێک بڕاوە و تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەیانن."
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە نێو شەقامی 60 مەتریی سلێمانی وەکو تاقیکاری کراوەتە کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکی، ئەوەش خاوەن موەلیدەکانی نیگەران کردووە و دەڵێن، کار بە موەلیدە ناکەن.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "250 موەلیدەمان بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە پێ کوژێندراوەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێکمان بۆ بکرێت، بۆیە ئەمڕۆ هیچ موەلیدەیەکمان کار ناکات."
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی، "پڕۆژەی رووناکی داواکانمان جێبەجێ نەکات کار بە موەلیدە ناکەین. کەس پارەمان نەداتێ بۆ کار بە موەلیدە بکەین؟"
بە گوتەی عوسمان محەممەد، وێڕای بەرزیی پلەی گەرما، لە کاژێرەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە چەند گەڕەکێکی سلێمانی بێ کارەبان و ئەوانیش ئامادە نەبوون کار بە موەلیدەکانیان بکەین.
پێشتر رووداو لەم راپۆرتەدا هۆکاری نیگەرانیی خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی لە پڕۆژەی رووناکی بڵاوکردەوە، ئێستاش دەڵێن: "داواکانمان جێبەجێ نەکرێت کار بە موەلیدە ناکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ