رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ کار بە فەرمانێکی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناکات بۆ ئەرکدارکردنی کارمەندانی هێزەکانی پۆلیس. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت، "ئامادەنین لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەین."
22ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە 27709 دەرکردووە، بۆ گۆڕینی شێوازی ئەرکی کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ بەگشتی لە دوو پۆست بۆ سێ پۆست بەشێوەیەک لە 24 کاژێر دەوامکردن و 48 کاژێر پشوو. بەڵام دوای نزیکەی 10 مانگ لە دەرچوونی فەرمانەکە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ (قەزای ئاکرێ و قەزای بەردەڕەش) کاری پێناکات.
چەند پۆلیسێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ، لە سنووری قەزای ئاکرێ و قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، لە پارەوە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی دەرکردووە بە رێکخستنەوەی دەوامی کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ، بەڵام لەسنووری ئەوان جێبەجێ نەکراوە و 24 کاژێر دەوامیان پێدەکرێت و 24 کاژێر پشوویان هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ، زیاتر لە هەزار پۆلیس هەن، بەشێوەیەک نزیکەی 700 پۆلیسی قەزای ئاکرێ و نزیکەی 400 پۆلیسی قەزای بەردەڕەشن.
رادیۆی رووداو لەسەر ئەم بابەتە، پەیوەندی بە موقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ کرد، بەڵام رەتیکردەوە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ