کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا: کۆنسووڵخانە نوێکەمان بەڵگەیەکە لەسەر پەیوەندییە بەردەوامەکەمان لەگەڵ هەولێر

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر ڤیدیۆی رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دیپلۆماتانی ئەمریکی جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم پڕۆژە زەبەلاحە "سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی" ئەرکی دیپلۆماسی و "بەڵگەی پەیوەندیی بەردەوامە" لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا. ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لە کردنەوەی فەرمیی باڵەخانەکە لە رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمدا بە ئامادەبوونی سەرکردایەتیی باڵای هەرێمی کوردستان.
 
لە ڤیدیۆکەدا گوێندۆلین گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ دەستپێکی لاپەڕەیەکی نوێی ئەرکی دیپلۆماسیمانە لە کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، تەواوبوونی کۆمەڵگە نوێیەکەی کۆنسووڵخانەکەمان پابەندبوونمان بە نوێنەرایەتیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شانازی، دەستپاکی و ئامانجەوە دووپات دەکاتەوە."
 
هاوکات جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، جەختی لە گرنگیی ستراتیژیی کۆنسووڵخانە نوێیەکە کردەوە و رایگەیاند: "ئەم کۆنسووڵخانە نوێیە سەکۆیەکە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
هاریس گوتیشی، "کۆنسووڵخانەکە شوێنێکە کە تێیدا بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پشتیوانیکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی. ئەم کۆمەڵگە نوێیە بەشێکی بنەڕەتییە لە هەوڵەکانمان، نوێنەرایەتیی باشترینی تەلارسازی، ئەندازیاری، تەکنەلۆژیا و بیناسازیی ئەمریکی دەکات."
 
لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا، گوێندۆلین گرین دووپاتی دەکاتەوە: "پێکەوە، دڵنیادەبینەوە لەوەی ئەم کۆنسووڵخانە گشتییە دەبێتە چرایەک بۆ هاوبەشی و خزمەتگوزاری، دەبێتە ویستگەیەک بۆ برەودان بە بازرگانی و ئاسایشی ئەمریکا، وەک بەڵگەیەکە لەسەر پەیوەندییە بەردەوامەکەمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا."
 
باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا، کە بە گەورەترین و گرانترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا دادەنرێت، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە.
 
کۆی گشتیی تێچووی پڕۆژەکە 796.1 ملیۆن دۆلارە. لەسەر رووبەری 202 هەزار و 343 مەتر دووجا دروستکراوە. بۆ جێکردنەوەی 188 کارمەند، کە 102یان ئەمریکی و 83یان خۆجێیی دیزاین کراوە. لەنێو باڵەخانە نوێیەکەدا 7 ئاژانس و وەزارەتی ئەمریکی کارمەندیان دەبێت و کاری تێدا دەکەن.
 
150 قەرەوێڵە بۆ نیشتەجێبوونی هەمیشەیی کارمەندان، 30 قەرەوێڵە بۆ میوانی کاتی، و 15 قەرەوێڵەی دیکەش بۆ پاسەوانانی مارێنزی ئەمنی لەخۆدەگرێت.
 
بەردی بناخەی پڕۆژەکە لە 6ی تەممووزی 2018 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمریکاوە دانرا. بڕیار بوو پڕۆژەکە لە نیسانی 2022 تەواو بێت، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دواکەوت؛ لەوانەش پەتای کۆڤید-19 کە بووە هۆی کەمکردنەوەی کرێکار و پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی کەرەستە. زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە لە تشرینی یەکەمی 2023 کە بووە هۆی راگرتنی کارەکان تاوەکو شوباتی 2024.
 
لە رێوڕەسمی کردنەوەی فەرمیدا لە 3ـی کانوونی یەکەم، مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "هەرێمێکی کوردستانی عێراقیی بەهێز، سەقامگیر و خۆڕاگر، پایەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لەگەڵ عێراقدا." ریگاس کردنەوەی کۆنسووڵخانەکەی بە "هێمایەکی بەرجەستەی هاوبەشیی درێژخایەن" وەسف کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی.

قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک دەچێتە بەغدا

گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.