رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا لیژنەی چاودێریی کوالێتی و نرخ لە هەرێمی کوردستان کارەکانیان چڕ دەکەنەوە. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، رێگە نادەن وەکو هەلێک رەمەزان بقۆزرێتەوە بۆ گرانگردنی نرخ. پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند، رێگە نادەن هیچ کەسێک لە رەمەزاندا نرخ گران بکات.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی، 08ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رەمەزاندا گەڕانی لیژنەکانمان زیاتر دەبن و لە کۆتا شەوەکاندا شەوانیش لیژنەکانمان چالاک دەبن."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان بازاڕ ئازاد کراوە و بەرز و نزمی نرخ بە گوێرەی رکابەرییە و ئەوان ناتوانن خەڵک ناچاری نرخێک بکەن.
گۆران قادر گوتیشی، "نوێنەری چاودێریی بازرگانی لە لیژنەکانماندان، هەندێک بابەت هەن پێشتر نرخیان وەرگیراوە یان هەندێک بابەتی دیکە لە چوارچێوەی نرخاندندان، بێگومان چاودێرییان دەکەین و رێگە نادەین رەمەزان بکرێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەیان."
لە هەولێریش ئامادەکارییەکان بۆ چاودێریکردنی بازاڕ لە رەمەزاندا دەستیپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا دوێنی بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر، "پارێزگاری هەولێر جەختی لە تووندکردنی چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتییان لە مۆڵ، مارکێت، رێستۆرانت، چیشتخانە، قاوەخانە و هەموو شوێنەکانی دیکەی هاوشێوە کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەکانی قایمقامیەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە سەر هاوڵاتییان زیاد دەکەن".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئومێد خۆشناو گوتویەتی، "نابێت رێگە بدرێت هیچ کەس مانگی رەمەزانی پیرۆز بقۆزێتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل لەسەر هاووڵاتییان گران بکات."
ئامادەکارییەکان لەکاتێکدان، پێشبینی دەکرێت دووشەممەی داهاتوو 11ـی ئادار یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت. ساڵانی رابردووش لە مانگی رەمەزاندا چەندین شوێن بە تۆمەتی گرانکردنی نرخ و فرۆشتنی خۆراک و کەرەستەی بەسەرچوو، لێپێچینەوەی یاساییان بەرامبەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ