کۆمپانیای جێبەجێکار: پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر ئاو بۆ 1.5 ملیۆن کەس دابین دەکات

08-09-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێمن گرووپ دەڵێت، پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بۆ چارەسەری کێشەی ئاو، ئاوی خواردنەوە بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دابین دەکات، گوتیشی ''بە سێ شیفت کاری تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بەزووترین کات بخرێتە خزمەت خەڵکەوە.''
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 08-09-2024) بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێمن گرووپ لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر بۆ چارەسەری کێشەی ئاو گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند ''پڕۆژەکە بە کوالێتییەکی بەرزتر لەوەی داوامان لێکراوە و بە کەمترین کات، دەخەینە خزمەتی خەڵک.'' 
 
پڕۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار دەبێت و ئاوی زێی گەورە بۆ نێو شاری هەولێر دەگوازێتەوە. خالید خۆشناو گوتی ''ئەم پڕۆژەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا، ئاو دەگەیێنێتە نێو شاری هەولێر.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێمن گرووپ، بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ئەو بڕە ئاوە پێداویستیی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دابین دەکات ''بەو شێوەیە کێشەی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر نامێنێت.'' 
 
خالید خۆشناو باسی لەوەش کرد، بۆ پڕۆژەکە پێنج هەزار کارمەند بە سێ شیفت کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات تەواو بکرێت.
 
پڕۆژەکە لە چەندین قۆناخ پێکدێت، قۆناخی یەکەم وەرگرتنی ئاوە لە زێی گەورە بە توانای 20 هەزار مەتر سێجا لە کاژێرێکدا؛ قۆناخی دووەم پاککردنەوەیەتی لە رێگەی چەندین پڕۆسەی جیاوازەوە کە تێیدا ئاوێکی گونجاو بۆ بەکارهێنان دابین دەکرێت.
 
لە قۆناخی سێیەمدا، ئاوەکە دەگوازرێتەوە کۆگەیەکی سەرەکی کە توانای گلدانەوەی 100 هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێت، دواتر لە رێگەی چوار هێڵی سەرەکی، بەڕێدەکرێتە نێو چەندین کۆگەی جیاواز بۆ دابەشکردنی بەسەر ناوچە جیاجیاکانی شاری هەولێردا؛ کۆی گشتیی بۆڕیی بەکارهاتوو لە پڕۆژەکەشدا، دەگاتە 500 کیلۆمەتر. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: د. دلاوەر ئاژگەیی و بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا

هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکەن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، رۆژئاوای کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.