رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی وەزیری پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران، قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کانی زێڕی زڕەشۆڕانی تیکاب لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، بەرهەمهێنانی زێڕ لە کانەکە بۆ سێ تۆن لە ساڵێکدا بەرزبێتەوە کە دەکاتە دوو هێندەی بەرهەمی ئێستای کانەکە.
محەممەد میرزایی، پەرلەمانتاری تیکاب و شاهیندژ لە پەرلەمانی ئێران، رۆژی سێشەممە، 08-10-2025 رایگەیاند، بڕیارە قۆناخی دووەمی پرۆژەی پەرەپێدانی کانی زێڕی زڕەشۆڕان لە دوو ساڵ و نیودا تەواو بێ و بۆ ئەو مەبەستەش بڕی 13 تریلیۆن تمەن وەبەرهێنانی تێدا دەکرێ.
پەرلەمانتارەکەی تیکاب و شاهیندژ گوتی، بە جێبەجێکردن و تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەرهەمی زێڕی کانەکە دوو بەرامبەر دەبێ و بەرهەمەکەی ساڵانە سێ تۆن زێڕ و یەک تۆن زیو دەبێت.
بە گوتەی محەممەد میرزایی، بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کانی زێڕی زڕەشۆڕان، کێشەی بێکاری لە ناوچەکە کەمتر دەبێ و هەلی کار بۆ زیاتر لە 500 کەس بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەرەخسێت.
کانی زێڕی زڕەشۆڕان
کانی زێری زڕەشۆڕان دەکەوێتە نزیک گوندی زڕەشۆڕان و 35 کیلومەتر لە شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێ دوورە.
بە پێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و کانەکانی پارێزگای ورمێ، یەدەگی کانەکە بە زیاتر لە 32 ملیۆن تۆن بەردی زێڕ خەمڵێندراوە.
لە ساڵی 2001 لێکۆڵینەوە لەبارەی کانی زێڕی زڕەشۆڕان دەستیپێکرد و ساڵی 2014 دەست بە کردنەوەی کارگەی بەرهەمهێنانی زێر لە کانەکە کرا و کۆتایی هەمان ساڵ کارگەکە بە فەرمی لە لایەن ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران کرایەوە و کارکردن تێیدا دەستیپێکرد.
جەعفەر سادق ئەسەکەندەری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کانی زێڕی زڕەشۆڕانی تیکاب، رۆژی سێشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2025 رایگەیاند، ئێستا هەزار و 200 کرێکار لە کانەکەدا کاردەکەن و بە تەواوکردنی قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کانەکە، هەلی کار بۆ 300 تاوەکو 500 کەسی دیکە دەڕەخسێت.
یەدەگی زێڕی پارێزگاکە
لە پارێزگای ورمێ سێ کانی زێڕی چالاک هەن؛ کانی زڕەشۆڕان و ئاغەرە لە تیکاب و کانێ زێڕی رەبەت لە سەردەشت.
هاوکات لە پیرانشار، خۆی، تیکاب و بۆکان پێنج کانی دیکەی زێر دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتا لە ژێر لێکۆڵێنەوەدان و دەست بە بەرهەمهێنانی زێڕ لەو کانانەدا نەکراوە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران، یەدەگی بەردی زێڕی پارێزگای ورمێ زیاتر لە 54 ملیۆن تۆنە کە زیاتر لە 33 ملیۆن تۆنی تەنیا لە ناوچەی تیکاب و لە هەردوو کانی زێڕی زەڕشۆڕان و ئاغەرەیە.
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتەکە، کانە زێڕەکانی پارێزگای ورمێ توانای ئەوەیان هەیە 140 تۆن زێری لێ بەرهەم بهێندرێت.
پارێزگای ورمێ زیاترین یەدەگی زێڕی هەموو ئێرانی لێیە و 31٪ی یەدەگی زێڕی وڵاتەکە لەو پارێزگایەدایە.
سەخاوەت خێرخا، بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانەکانی پارێزگای ورمێ، رۆژی 03-09-2025 رایگەیاند: "نزیکەی 35٪ی زێڕی ئێران لەم پارێزگایەدا بەرهەم دێت و بەشی زۆریشی لە هەردوو کانی زێڕی زەڕشۆڕان و ئاغەرەی سەر بە شاری تیکابە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانەکانی پارێزگای ورمێ، یەدەگی زێڕی پارێزگاکە بایی زیاتر لە 17 ملیار دۆلارە. سەخاوەت خێرخا دەڵێ، ئەگەر بەم رەوتەی ئێستا کارکردن لە کانە زێڕەکانی پارێزگاکە بەردەوام بێ، یەدەگیان بەشی نزیکەی 70 ساڵ دەکات.
یەدەگی زێڕی ئێران
تاوەکو ئێستا 320 تۆن یەدەگی زێڕ لە ئێران دۆزراوەتەوە کە 158 تۆنی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. بەڵام وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران دەڵێ، پێشبینی دەکەن دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیان لەچەند ناوچەیەک، یەدەگی زێڕی وڵاتەکە بگاتە 400 تۆن.
رۆژی 22-09-2025، ئومێد ئیمامی، جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوەی گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کانەکان و پیشەسازیی کانزایی ئێران رایگەیاند، ئێران ساڵانە بەشێوەی تێکڕا 12 تۆن زێڕ لە 24 کانی چالاکی وڵاتەکە دەردەهێنێت و بە جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی نوێ، بڕیارە ساڵانە بەرهەمهێنانی زێر لەنێوان سێ تاوەکو چوار تۆن زیاتر بێ.
بە گوتەی ئیمامی، بڕیارە تاوەکو کۆتایی بەرنامەی هەفتەمی گەشەپێدانی ئێران واتە تاوەکو سێ ساڵی دیکە، بەرهەمهێنانی زێڕ لەو وڵاتە بگاتە 25 تۆن لە ساڵێکدا.
ئێران لەڕووی بەرهەمهێنانی زێڕەوە لەسەر ئاستی ئاسیا لە ریزبەندی 12یەمدایە و لەسەر ئاستی جیهانیش بە پلەی 46 دێ. لە کاتێکدا بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران لەڕووی بەکارهێنانی زێڕدا لەسەر ئاستی جیهان 10یەم وڵاتی جیهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ