رووداو دیجیتاڵ
شەقامى 100 مەتریی سلێمانى یان ئۆتۆبانى بابان، کارکردن تێیدا خاوبووەتەوە تا ئەو ئاستەى لە نیوە زیاترى بەشەکانیدا ئامێرەکان وەستاون. سەرپەرشتیارى پرۆژەکەش دەڵێت، هۆکاری وەستانەکە پێنەدانى پارەیە لەلایەن بانک بە کۆمپانیاى جێبەجێکار و لە مانگى داهاتووش تاوەکو کۆتایی زستان بەهۆى گۆڕانى کەشوهەواوە کارکردن دەوەستێت.
ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیارى شەقامى 100 مەتریی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " کێشەى سەرەکى ئەوەیە حکومەت پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرج ناکات و ئەویش ئیشەکەى خاوکردووەتەوە، هەوڵمان بۆ ئەوەیە دواى وەرزى باران، پارە دابینبکرێت و بە پلانێکی نوێ دەست بە تەواوبوونى بکەین."
هۆکارێکى دیکەى خاوبوونەوەى شەقامەکە، چارەسەرنەکردنى زیادەڕۆی و قەرەبوونەکردنەوەى ئەو کەسانەیە زەوى، باخ و ماڵەکانیان بەر شەقامەکە کەوتوون. دیمەنەکانى رووداو دەریدەخەن، دوو کیلۆمەترى شەقامەکە بەهۆى لانەبردنى پاڵاوگەیەک کارى تێدانەکراوە، جیا لەوەش ژمارەیەک بورجى مۆبایل، کارگە و پەلەوەرخانەیەک هێشتا لە شوێنى خۆیان ماون.
ئەندامێکى لیژنەى خەمڵاندنى قەرەبووکردنەوەکانیش دەڵێت، ئەوەى لەسەر ئەوانە کردوویانە، ماوەتەوە سەر شارەوانیی سلێمانى و وەزارەتەکەى، ئەوەى دیکە تەواو بکەن.
شاڵاو جەمال، ئەندامى لیژنەى قەرەبووکردنەوەى شەقامى 100 مەتریی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند " رێگریی زۆر هەبوون، لە رێگرى کەسى، ماڵ و خانوو، باخ و پرۆژە، بەڵام دواى ماندووبوونى زۆر هەموویمان تەواوکرد و ناردوومانە بۆ شارەوانى، ئەرکى ئەوانە زەوییان بۆ دابینبکات و بە زەوى قەربوویان بکاتەوە."
بەپێى زانیارییەکانى رووداو، شەقامەکە لە 34 کیلۆمەتر 20 کیلۆمەترى ئامادەیە بۆ قیرکردن و کۆمپانیاى جێبەجێکار تاوەکو ئێستا 195 ملیار دینارى خەرجکردووە، بەڵام تەنیا 35 ملیارى پێدراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ