رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو ساڵە دیاردەی داربڕین لە بەشێک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی باسرمە دەستی پێکردووە، بە رۆژی رووناک خەریکی بڕین و گواستنەوەی داری تەڕن لە چیاکان، هاونیشتمانییەکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەکە دەڵێت، زیاتر لە سێ هەزار داری بەڕووی تەڕ بڕدراون.
لەتیف عەلی، خەڵکی گوندی بەردەگەورە لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت، "دوو ساڵە دیاردەی داربڕین روو لە گوندەکەی ئێمە بەتایبەت لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دەکات، زۆربەی ئەو دارانەی بڕدراون داری بەڕووی تەڕن هەندێک داری دەگمەنیشیان تێدایە، ئەوانەی دارەکە دەبڕن سوود لە رۆژی پشووەکان دەبینن بە رۆژ دێن دارەکە دەبڕن و بە شەو دەیانگوازنەوە."
دوو ساڵە ئەو دیاردەیە لە سنووری باسرمە دەستیپێکردووە، گوندنشینان دەڵێن، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دیاردەی بڕینی داری تەڕ سەرهەڵدەدات، زۆربەی ئەو دارانەی دەشبڕدرێن داری تەڕی بەڕوو، مازوو و قەزوانن.
هەڤاڵ فارس، هاونیشتمانییەکی دیکەی گوندی بەردەگەورە دەڵێت، ئەو دارانەی کە لە چیاکانی ئێمە دەبڕدرێن، زیاتر ئەو شوێنانەن کە لە بەرچاو نین، دەرفەتیان نەبووە، ئەگینا ئەوانەش دەبڕدران، بەڵام ئەوەی لە گوندەوە دیار نین هەموو بڕدراون، بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە بڕین پێشووتر بۆ گەشت دەهاتین، بەڵام دواتر وەکو بیابانەکانی سعودیەی لێدێت."
پۆلیسی دارستان و پاوانی شەقڵاوە لە 10 مانگی ئەم ساڵدا 110 کەسیان بە تۆمەتی بڕینی داری تەڕ دەستگیر کردوون، بەپێی ماددەی 21ـی یاسای دارستان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردوونەتەوە.
عەقید وەلی حەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شەقڵاوە رایگەیاند، "ئێمە بە شەوان بازگەی کاتی و مەفەرزەمان لە رێگاکان هەیە، هەر ئەم شەو ئەو پیکابەمان لەگەڵ دوو کەس دەستگیرکرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردنەوە و رادەستی دادگامان کردن."
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و پاوانی شەقڵاوە لە ساڵێک و 10 مانگدا 208 کەس لەسەر بڕینی داری تەڕ گیراون و دەستیش بەسەر زیاتر لە 70 ئامێری جۆراوجۆری داربڕین گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ