پار 1486 ئاوارەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان قەرەبوو کراونەتەوە

10-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستوور، پار 1486 ئاوارەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی قەرەبوو کردووەتەوە، لە بەرامبەردا 783 عەرەبی هاوردەش قەرەبوو کراونەتەوە بۆئەوەى بگەڕێنەوە ناوچەکانى پێشوویان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە کاکەڕەش سدیق، ئەندامى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 بە رووداوى راگەیاند، "پار 1486 چەکى قەرەبووى ئاوارەکان خەرج کراوە، کە زۆربەیان کورد و تورکمانن و چەند خێزانێکى عەرەبى تێدابووە کە خەڵکى رەسەنى ناوچە کوردستانییەکانن و لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس ئاوارە کراون."
 
بەگوێرەى مادەى 140ى دەستوور، هەر ماڵباتێکی ئاوارەى ناوچە کوردستانییەکان 10 ملیۆن دینار وەردەگرێت و دەبێت پارچەیەک زەویشیان پێبدرێت.
 
کاکەڕەش سدیق گوتى، "لە هەمان ماوەدا 783 عەرەبی هاوردە چەکى قەرەبووى گەڕانەوەیان وەرگرتووە."
 
هەر عەرەبێکى هاوردە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدى پێشووى خۆى 20 ملیۆن دینار قەرەبوو وەردەگرێت، لەگەڵ پارچە زەوییەک لە پارێزگاکەى پێشووى.
 
ژمارەى ئەو چەکانەى پار دابەشکراون 19 هەزار و 42 چەک بوون، کاکەڕەش سدیق ئاماژەی بەوە کرد، "194 ملیار دینار بۆ ئەوچەکانە خەرجکراوە."
 
بەگوێرەى بودجەى گشتیى عێراق، ساڵانە 200 ملیار دینار بۆ لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 دیاریکراوە، کە پارەى چەکى قەرەبوو و خەرجى و مووچەى فەرمانبەرانى ئەو لیژنەیە دەگرێتەوە.
 
لەو چەکانەى پار خەرج کراون، 15 هەزار و 213یان بۆ زیانلێکەوتووانى پێنج پارێزگاى نێوەڕاست و باشوورى عێراقە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە