مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی 70 لە سلێمانی دابەش نەکرا؛ 'پێدەچێت سبەی دابەش بکرێت'

10-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا بڕیار بوو دابەشبکرێت، بەڵام ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە لە سنووری سلێمانی دابەش نەکرا. بەرپرسێک لە خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، کێشەی نەبوونی پارە لە بانک هەیە.
 
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە یەکێک لەو شوێنانەی مووچەی مانگی یەک وەردەگرن، خانەنشینانی یەکەی 70ی پێشمەرگە بن، بەڵام مووچەیان وەرنەگرت.
 
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هۆکاری نەدانی مووچە بە خانەنشینانی یەکەی 70، نەبوونی نەختینەیە لە بانک، نەک کێشەی لیست یان بابەتێکی دیکە."
 
بە گوتەی هادی ئەکرەم، لەگەڵ دابینکردنی پارەدا مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 دابەش دەکرێت، کە پێدەچێت "سبەی بێت."
 
خانەنشینانی یەکەی 70 ژمارەیان زیاتر لە 9000 کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی 4 ملیار دینارە.
 
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، هەردوو یەکەی 70 و 80 هەن. یەکەی یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەش سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە