حوسێن ئۆڵان: رەنگە 11ی ئایار ئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە رابگەیێندرێت

10-05-2025
رووداو @Rudawkurdish
حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیس
حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە راگەیاندنی ئەنجامی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە دواکەوتووە، پێشبینی دەکات رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن. هاوکات داوا دەکات تاوەکو مانگی حوزەیران نزیکەی 4000 زیندانیی کورد ئازاد بکرێن و یاسای دژەتیرۆریش لە تورکیا هەمواربکرێتەوە.
 
حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیس، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "رەنگە سبەی رۆژی یەکشەممە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیێندراوی کۆنگرەی خۆی بڵاوبکاتەوە."
 
ئۆڵان ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای راگەیاندنی رۆژی هەینی پەکەکە، ئێمە چووینە نێو قۆناغێکی نوێ. لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پەکەکە نەیتوانی کۆنگرە ببەستێت، بەڵام لە رۆژانی 5 تا 7ی ئەم مانگە (گوڵان) کۆنگرەکەی بەست و بەپێی دۆخی ئەمنی لە دوو شوێنی جیاواز کۆنگرەکە بەڕێوەچوو. سێ رۆژ بەردەوام بوون و چەند بڕیارێکیان داوە کە لەسەر داوای ئۆجەلان بووە."
 
رۆژی هەینی 9ی ئایاری 2025، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە لە رۆژانی 5 بۆ 7ی ئایار، دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە دوو شوێنی جیاواز و لە یەک کاتدا بەستووە و تێیدا "بڕیاری مێژوویی" دەرکردووە، ئاماژەی بەوەشکردبوو کە دوای رێکخستنی بڕیارەکان، بە راگەیێندراوێکی فەرمی ناوەڕۆکەکەی بڵاودەکەنەوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنی بڕیارەکان، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتی، "لە کاتی کۆنگرەدا ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام بوون، بەوهۆیەوە لە دوو شوێن کۆنگرە بەسترا بۆ ئەوەی بڕیار و راپۆرتیان بنووسن و بۆ جیهان بڵاوی بکەنەوە. کاتێکی کەم پێویستە و ئەو کاتەش نزیکە و رەنگە رۆژی یەکشەممە ئەو راگەیێندراوە بڵاوبکرێتەوە. رەنگە راگەیێندراوەکەی بەشێوەی نووسراوبێت، چونکە دۆخی ئەمنی رێگە بەوە نادات رۆژنامەنووسان بانگ بکەن یان ڤیدیۆ بکەن."
 
لەبارەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ کۆنگرەکە، حوسێن ئۆڵان گوتی: "ئۆجەلان پەیامی بۆ کۆنگرە هەبووە، بەڵام هێشتا روون نییە کە بە ڤیدیۆ بووە یاخود نوێنەرێکی ناردووە. لە رۆژانی داهاتوودا بەدیار دەکەوێت کە چۆن بووە."
 
راگەیێندراوەکەی پەکەکە کاردانەوەی جیاوازی لەنێو سیاسەتمەدارانی کورد و تورکدا لێکەوتەوە. لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد، لە پەیامێکدا پشتیوانی خۆی بۆ بڕیارەکانی پەکەکە راگەیاند و گوتی، "سەردەمی نوێ بەرپرسیارێتی نوێ بە هەموومان دەبەخشێت." هەروەها ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری دیاری کورد، ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە)، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەبارەی بڕیارەکانی پەکەکە کردووە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری چەکدانانی پەکەکە، ئۆڵان جەختی کردەوە، "ئەگەر ئەو هۆکارانەی کە چەکی بۆ هەڵگیرا کۆتاییان پێنەهێت، وەکو کولتوور، زمان، هەبوون و ئازادی کورد، سبەی یان دووسبەی پەکەکەش نەبێت هێزێکی دیکە دەردەکەوێت. بۆیە پێویستە تورکیا لە رووی دیموکراسی و مافی کوردەوە هەندێ هەنگاو بنێت."
 
شەوی هەینی، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەبارەی راگەیێندراوەکەی پەکەکە رایگەیاندبوو، "ئەم دۆخە بەهێزەی ئێستای دەوڵەت، کارئاسانیش بۆ بڕیاری (هەڵوەشاندنەوە)ی رێکخراوەکەش دەکات." فیدان هەروەها ئاماژەی بەوەدابوو کە ئۆجەلان داوایکردووە پەکەکە چەک دابنێت و کۆتایی بە کاری نایاسایی بهێنێت و روو لە سیاسەتی مەدەنی بکات.
 
لەوەڵامی قسەکانی فیدان، حوسێن ئۆڵان گوتی، "ئۆجەلان بڕیاریداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە کورد لەمەودوا بێ رێکخستن و حزب بمێننەوە. کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا رێکخراون و گەلێکی هۆشیار و خاوەن سیاسەتن... کورد کوردی پێشوو نییە؛ لە هەموو روویەکەوە پێشکەوتوون، لە رووی دیپلۆماسی، سەربازی و سیاسییەوە لە جیهان دەناسرێن. ئەوەش واتای ئەوەیە کە کورد بێ رێکخستن نابن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، بەڵام بە رێگەی جیاواز."
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی هۆشداریشیدا: "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوە دەخوازێت کە کورد و تورک پێکەوە بژین. چانسی هیچ لایەنێک نییە هەنگاو بەرەو دواوە بهاوێژێت، چونکە رووبەڕووی دۆڕان دەبێتەوە."
 
حوسێن ئۆڵان رەخنەی لە پەرلەمانی تورکیا گرت کە "هەنگاوی پێویستی نەناوە" و داوای کرد: "ئومێدمان ئەوەیە کە لە کاتێکی نزیکدا هەندێ هەنگاو بنێت. نزیکەی هەزار و پێنجسەد زیندانی نەخۆشمان لە زیندانەکاندا هەیە، هەروەها نزیکەی دوو هەزار زیندانیمان کاتی مانەوەیان درێژکراوەتەوە. هیوادارین ئەو خاڵانە بخەنە نێو پاکێجێکەوە و تا حوزەیران زیندانییە نەخۆشەکانمان ئازاد بکەن و ئەوانەی کاتی زیندانیان تەواو بووە لە زیندانەکان دەرچن. یاسای دژەتیرۆریش یاسایەکی بێ بنەمایە و لەسەر بنەمای ئیحتیمال و پێشبینییەکان بڕیار دەدەن، ئەو یاسایەش پێویستە بگۆڕدرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەمانی شەڕ لە قەندیل، 45 گوندی ناوچەکە ئاوەدان دەکاتەوە.

قەندیل دوای 20 ساڵ لە بۆردوومانکردنی لە سەروبەندی گۆڕانێکی مێژوویی دایە

پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە ساڵی 2006ـەوە حاکمی قەندیلە، 20 ساڵە ناوچەکە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا دەکرێتە ئامانج و کەم ساڵی بەبێ قوربانی گیانی دەرباز کردوون.