کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان: دەتوانین هاوکاریی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بکەین

10-10-2025
زانیار بەهادین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ هاوکاریکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەردەبڕێ. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت، "ئەرکی ئەوان تەنیا ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە سنووری هەرێمی کوردستان."
 
شۆڕش حەسەن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، توانایان هەیە هاوکاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هاوئاهەنگییان لەگەڵ ناکەن.
 
شۆڕش حەسەن باسی لەوەشکرد، وەک کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هیچ رۆڵێکیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نابێ، چونکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەیەوێ تەنیا خۆی پرۆسەکە بەڕێوەبەرێت.
 
20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کودستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجامدرا. بە گوتەی شۆڕش حەسەن، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە نوسراو ئامادەیی دەبڕیووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هاوکاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات، بەڵام بەغدا هاوئاهەنگی لەگەڵ نەکردوون و هۆکارەکەشی رووننەکردوەتەوە.
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، " لێکتێگەیشتنێکی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە، بەڵام لەلایەن بەغداوە کاری پێنەکراوە، تەنانەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەبووین باڵەخانەکەی خۆمانیان لە هەولێر پێ بدەین و وەریان نەگرت."
 
لەو بارەیەوە نبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسایەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کار دەکات و ئەرکەکانی تەنیا ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە سنووری هەرێمی کوردستان، وەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
نبراس ئەبو سۆدە باسی لەوەشکرد، بەپێی یاسای ژمارە 31ـی ساڵی 2019ـی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەرکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بریتییە لە بەڕێوەبردن و رێکخستنی هەڵبژاردنە گشتییەکان لەسەر ئاستی عێراق، واتە ئەو هەڵبژاردنانەی کە سرووشتێکی فیدراڵییان هەیە وەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و راپرسییە نیشتمانییەکان.
 
نبراس ئەبو سۆدە روونیکردەوە، هەر کۆمیسیۆنێک سنوورێکی یاسایی دیاریکراوی تایبەت بە خۆی هەیە و هیچ کامیان مافی نییە دەستوەربداتە ئەرکی ئەوی دیکە، ئەگەر لە چوارچێوەی هاوکاریی تەکنیکی یان هاوئاهەنگی نەبێ کە بە فەرمی رێککەوتنی لەسەر کرابێ و سنوورە یاساییەکانی دەسەڵاتەکانی تێنەپەڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە