دەستەی ناوچە کوردستانییەکان داوا دەکات خەڵک بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

10-11-2025
زانیار بەهادین
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە گرفت بۆ گەڕانەوەی دەنگدەری ناوچە کێشە لەسەرەکان دروست بێت و داوا دەکات لە ئەمڕۆوە خەڵک بگەڕێتەوە.
 
رۆژی 10ـی تشرینی دووەمی 2025، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند:" ئەو کەسانەی کە ناسنامەیان هی ناوچە کێشە لەسەرەکانە و لە دەرەوەی ئەو ناوچانەن دەتوانن بەبێ گرفت بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
 
فەهمی بورهان لەگەڵ ئەوەی دەنگدانی هاونیشتمانییانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە گرنگ وەسفکرد، داواییکرد ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە عێراق نیشتەجێن لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و سبەی دەنگ دەبن. 
 
نزیکەی 100 هەزار لە خەڵكی کەرکووک و زیاتر لە 40 هەزار خەڵکی نەینەوا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە لە ناوچە رەسەنەکانی خۆیان مافی دەنگدانیان هەیە، فەهمی بورهان گوتی، "ئومێدێکی زۆرمان هەیە کە خەڵکێکی زۆر بەشداری هەڵبژاردن بکەن و رۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".  
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەنگدان لە ناوچە کیشە لەسەرەکان کاریگەری خۆی هەیە، ئەگەر خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بکەن کاریگەری لەسەر داهاتوو و چارەنووسی ئەو ناوچانە دەبێت و هاوکار دەبێت لە چارەسەکردنی گرفتە مێژووییەکان. 
 
لە دەستووری عێراق بەشێکی باشووری کوردستان بە ناوچە کێشە لەسەر دەستنیشانکراوە و مادەی 140ـی دەستوور تایبەت بەو پرسە، فەهمی بورهان گوتی، "چارەنووسی ئەو ناوچانە و مادەی 140 بە دەنگەوە بەستراوە، بۆیە دەبێت ناسنامەی کوردبوویان بە دەنگ دووپات بکەینەوە". 
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆچوونی وایە ئەو پەرتەوازەییە هەیە کاریگەری لەسەر فەوتانی دەنگی کورد دەبێت، بەڵام پێشبینیش دەکات دەنگەکانی کورد زیاد بکات.
 
رونیشکردەوە، نابێت کورد لە کەرکووک، خانەقین، خورماتوو تا دەگاتە زوومار و شنگال نابێت دوا بکەوێت، نەچوونی کورد بۆ دەنگدان لەو ناوچانە خزمەت بە ئەجێندایەک دەکات کە کورد خەباتی کردووە تا ئیرادەی خۆی بەسەر ناسنامەی کوردبوونی ئەو ناوچانە فەرز نەکات. 
 
بڕیارە سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، 20,063,773 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە کە بەسەر 8,703 بنکە و 39,285 وێستگەدا دابەشبوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە