رووداو دیجیتاڵ
پشتیوانیکردنی بەربژێرێکی کۆتای کریستیان، بەشێک لە بەربژێرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی نیگەران کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لەگەڵیان کۆببێتەوە. سەرلیستەکەیان رەتی دەکاتەوە کشابێتەوە؛ بەشێکیشیان بۆ کشانەوە داوای رێكکەوتن دەکەن و بەشێکی دیکەشیان بێ مەرج ئامادەی پشتیوانیکردنن.
رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2025 گۆران جوبرائیل، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەبارەی کشانەوە یان بەردەوام بوون لە بازنەی دهۆک، ئەمڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆدەبینەوە، ئەگەر رێککەوتین لەپێناو بەدەستهێنانی کورسیدا پشتیوانیی بەربژێری مەسیحی بکەین، پشتیوانی دەکەین؛ ئەگەر رێککەوتنیش نەکرا، ناکشێینەوە و داوا لە دەنگدەرانمان دەکەین پشتیوانیی ئێمە بکەن."
پێشتر ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ''لە کۆبوونەوەکە ئامادە نابم و مکوڕم لەسەر بەردەوامیم وەکو بەربژێر بۆ خولی شەشەم و ناکشێمەوە لە رکابەری.''
هەریەک لە شینوشاد تاهیر و ئازا مەجید، کە بەربژێری یەکێتین لە دهۆک، بە رووداویان راگەیاند، "تائێستا هیچمان پێ نەگوتراوە، بەڵام حیزب هەر بڕیارێک بدات پێوەی پابەند دەبین."
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیی بە محەممەد عوسمان، سەرپەرشتیاری بادینانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە کرد، بەڵام بە پاساوی قەدەخەکردنی لێدوان لەلایەن حیزبەکەیەوە، ئامادە نەبوو قسە لەسەر پرسەکە بکات.
رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2025 محەممەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی 4ی دهۆك و سەرپەرشتیاری بادینانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای فەرمیی حیزبەکەی راگەیاند، وەك یەكێتی دەنگ بە بەربژێرێکی كۆتای کریستیان دەدەن.
باسی لەوەش كردووە، "کریستیانەكان بە بەشێك لە خۆمان دەزانین، چونكە بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك، کریستیانەكان پشتیوان و هاوكارمان بوون، ئێمەش هەمیشە پشتیوانیان دەبین و بەربژێرە هاوبەشەكەمان سەردەخەین، كە كادری خۆمانە."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5 بەربژێری هەیە لە بازنەی دهۆک، سێیان پیاو و دوویان ژنن، حیزبەکە یەک کورسیی دهۆکی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا، ئیمان عەبدولڕەزاق لە لیستی یەکێتی لە خولی رابردوو بووە پەرلەمانتار و ئێستاش بەربژێر کراوەتەوە.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی 155 بەربژێری لە 7 بازنە هەیە، زۆرترینیان لە سلێمانییە کە 36 بەربژێرن و کەمترینیش لە سەڵاحەدینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ