هەشت گەنجی کورد دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنیان لە داغستانەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان

11-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەشت گەنجی کورد کە ویستوویانە بچنە ئەوروپا، لە داغستان دەستگیردەکرێن و دوای ساڵێک گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان. هێشتا دوو ژنی کورد لەو وڵاتەن و یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 11-01-2024) بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، هەشت گەنجی کورد و گەنجێکی عەرەبی خەڵکی بەسڕە دوای زیاتر لە ساڵێک دەستگیرکردن و مانەوە لە داغستان، ئێوارەی سێشەممە 09-01-2024 گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
 
د. موسەننا ئەمین، گوتی "زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، ئەمانە لە رێگەی ئازەربایجانەوە چووبوونە داغستان کە کۆمارێکی سەر بە رووسیایە، لەوێ دەستبەسەر کرابوون، دوای لێکۆڵینەوەی ئەمنی درانە دادگا، لەسەر ئەوەی بە نایاسایی سنووری داغستانیان بڕیوە، دادگە سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپاندن."
 
د. موسەننا ئەمین کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە راشیگەیاند، ئەوانە دوو ژن و منداڵێکیان لەگەڵ بوو، پێشتر منداڵەکە دوای هەوڵێکی زۆر گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام دوو ژنەکە، کە یەکێکیان کوردی رۆژهەڵاتە لە پیاوەکان جیاکرابوونەوە، تەنیا هەندێک رێکاریان ماوە، ئەوانیش دەگەڕێندرێنەوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەوەی لە بابەتەکە  ئاگادارکراوەتەوە، هەوڵێکی زۆری بۆ ئازادکردن و گەڕانەوەیان داوە، بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەی عێراق لە موسکۆ و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئازادکردن و گەڕانەوەیان. وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەڵامی چەندین زانیاری و پرسیاری لایەنە پەیوەندارەکانی داغستانیان داوەتەوە، کە لەبارەی ئەو گەنجانە داوایان کردبوو. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی زستانی سعودیە، بەفر لە شاخەکان باریوە. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بۆ 5 پلە ژێر سفر دادەبەزێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بەهۆی کاریگەریی بەرزە پەستانێکی هەوای رووسیاوە، شەپۆلێکی سەرما روو لە ناوچەکە دەکات و لە شەوانی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە بەشێک لە ناوچەکان بۆ ژێر سفر دادەبەزن.