کچە کوردێکی چوار ساڵ لە داغستان لە دایک و باوکی جیادەکرێتەوە و دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

16-05-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
مینا لەگەڵ دایک و باوکی
مینا لەگەڵ دایک و باوکی
A+ A-
 
رووداو - رانیە

مینای تەمەن چوار ساڵان لە داغستان لەلایەن مامیەوە وەرگیرایەوە، ئەوەش دوای دەستگیرکردنی دایک و باوکی کە هەوڵیانداوە بەشێوەی قاچاخ لەوێوە بچنە وڵاتانی ئەوروپا. مینا بەهۆی بچووکیی تەمەنیەوە نەخراوەتە زیندان، لە دایک و باوکی جیاکراوەتەوە و براوەتە دایەنگەیەک، دوای شەش مانگ بە تەنیا دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
 
دوای 10 رۆژ لە نەبوونی هیچ سۆراغێکیان، دواجار بە وەتسئەپ پەیوەندی بە مامی میناوە کراوە و پێی گوتراوە، مینا لای ئەوانە و پارێزراوە.
 
عەبدولواحید عوسمان، مامی مینا دەڵێت، "چوونەتە ئێران، لەوێوە بۆ ئازەربایجان و لەوێشەوە بۆ سنووری رووسیا. قاچاخچی فێڵی لێکردوون، گوتوویەتی بە ڤیزا دەتانبەم، بەڵام لە داغستان دەستگیر کراون، هەر لەوێ مینا لە دایک و باوکی جیادەکەنەوە."
 
لەو دایەنگەیەی مینای لێ دادەنرێت، هیچ کوردێکی لێ نابێت، مینا ئێستا زمانی کوردیی لەبیرچووەتەوە و تەنیا لە زمانی رووسی تێدەگات؛ کەسوکارەکەی خەریکن فێری کوردیی دەکەنەوە.
 
مەحبووبە هەمزە، داپیرەی مینا داوا لە هەموو کاربەدەستان دەکات دایک و باوکی مینا بگەڕێننەوە کوردستان و دەڵێت، "شەش مانگە نەیانبینیوە، مامی چووە بە هەوڵی خۆی هێناویەتیەوە."
 
شەش مانگ لەمەوپێش دایک و باوکی دەستی مینا دەگرن و بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا رانیە جێدەهێڵن، بەڵام دوای بڕینی هەزاران کیلۆمەتر لە هەرێمی داغستان لە رووسیا دەستگیر دەکرێن و مینا لە باوەشی دایک و باوکی جیادەکرێتەوە و زیندانی دەکرێن؛ میناش  لە دایەنگەیەکدا دەهێڵدرێتەوە، دوای شەش مانگ و شەش رۆژ، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15-05-2023 مینا لە رێگەی مامیەوە بە تەنیا دەهێندرێتەوە کوردستان.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت، تەنیا پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 80 کۆچبەر لە رێگەی رێکخراوەکەیانەوە ئاسانکاریی گەڕانەوەیان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
 
ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا باس لەوە دەکات، "دەکرێت فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ ئازادکردنی ئەو خێزانە و دەیان خێزان و گەنجی دیکە کە لە زیندانەکانی هەرێمی داغستان و سربیا و یۆنان و بیلاڕووس دەستگیر کراون."
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە کۆتایی ساڵی 2022 و سەرەتای 2023دا 19200 کەس لە هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیەش 2300 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕین بوون و 7 کەسیش لەوانە گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

لە سلێمانی 'شاری باڵیۆزخانەی کولتووری' دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی رایگەیاند ''شاری باڵیۆزخانەی کولتووری'' دەکرێتەوە کە سەرجەم کۆنسووڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئۆفیسیان تێدا دەبێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لێی وەبەرهێنانی کولتوورییە.