رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى دامەزراوەى شەهیدان دەکات بۆئەوەى ئەو پێشمەرگە و کارمەندانەى دەزگا ئەمنییەکان کە لە دەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستان شەهید بوون، ئیمتیازاتى ئەو دەستەیە بیانگرێتەوە.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق، رۆژى سێشەممە 12ى ئادار خوێندنەوەى یەکەم یان دووەم بۆ شەش پڕۆژە یاسا دەکرێت، یەکێکیان هەموارى یاساى دامەزراوەى شەهیدانى عێراقە.
سێ بڕگەی ئەو یاسایە هەموار دەکرێت کە یەکێکیان زیادکردنى بەندێکە بۆ مادەى یەکەمى یاساکە بەوەى شەهیدانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمى کوردستان ئەو یاسایە بیانگرێتەوە.
چرۆ حەمەد شەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانى سیاسیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو هەموارە بۆ ئەوەیە کە ئەو پێشمەرگانەى لە شەڕى دژ بە داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان شەهید بوون، یاساى دەزگاى شەهیدانی عێراق بیانگرێتەوە."
بەگوێرەى یاسای دەزگاى شەهیدانى عێراق، کەسوکارى شەهید مووچەیەکى خانەنشینیی دەبێت کە هێندەى مووچەى هاوپیشەکانى شەهیدەکەى دەبێت کە بەردەوامن لە ئەرکدا و پارچەیەک زەوى یان یەکەیەکى نیشتەجێبوونى پێدەدرێت، ئەگەر بەوەش قایل نەبوو، بە پارە دەخەمڵێندرێت و پارەکەى دەدرێتێ.
بەگوێرەى هەموارەکە، ئەو گۆڕانکارییانەى لە یاساکەدا دەکرێت لە 25ى کانوونى دووەمى 2016وە کارى پێدەکرێت.
لەدواى دەرکەوتنى داعش لە ساڵى 2014، هێزى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە بەشدارییان لە شەڕى دژ بەداعش کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 800 پێشمەرگە شەهید بوون.
چرۆ حەمە شەریف رایگەیاند، "ئەو هەموارە داواکارى کورد بووە و بڕیارە لێژنەکەیان دووشەممە 11ى ئادار لەبارەیەوە کۆببێتەوە بەر لەوەى رۆژى دواتر خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت و ئەندامانى کورد لە لێژنەکە جەختیان لەوە کردووەوە کە دەبێت بەو بڕگەیەى تایبەتە بە پێشمەرگە لە هەموارەکەدا هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ